ژنە سوتاوەکەی چەمچەماڵ راستییەکان ئاشکرا دەکات

دایکی ئەو سێ منداڵەی کە هەفتەی رابردوو لەکاتی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵەکەیاندا سووتان و، لە ئەنجامدا سێ منداڵەکەی گیانیانلەدەستدا، خۆیشی لە 90%ی جەستەی سووتا راستییەکان ئاشكرادەکات و داواش دەکات لەو ئازارە رزگاری بکەن.

سێوان قادرن لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ یەکێک لە کەناڵەکانی نزیک لە پارتی لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی تایبەت بە سوتاوی رایگەیاند، "خۆم نەبووم، مێردەکەم بوو، ئێمە شەڕمان کرد".

هەروەها ئاماژەی بەوەشكردووە، "لەم ئازارە رزگارمبکەن و لێرە دەرمبکەن".

سێوان قادر هاوسەرەکەی بە تۆمەتبار دەزانێ و وتی "ئەم کەیسە دانەخرێ، بەسزای خۆی بگەیەنن، قەت لێی خۆشنابم. لە هیچ کەسێک خۆشنابم کە دەستی تێیدایە". 

سێوان دایکی سێ منداڵ بوو کە تەمەنیان لەنێوان 1 بۆ 5 ساڵدا بوو، بەڵام تاوەکو ئێستاش نازانێت منداڵەکانی مردوون. 

بەپێی زانیارییەکانی ئەو میدیایە، بەهۆی بوونی کامێرای چاودێری بەرامبەر ماڵی سێوان دەرکەوتووە هاوسەرەکەی دەبەیەک نەوت دەباتە ژورەوە و غازی ماڵەکەش دەکاتەوە. دواتر هاوسەرەکەی دەڕوات و ماڵەکە گڕدەگرێت و سێوان بەئاگرەوە بەرەو حەوشە دەچێت، دراوسێکان دەیکوژێننەوە، بەڵام خۆی زۆرینەی جەستەی سووتاوە و سێ منداڵەکەشی هەر لەوێدا گیانیانلەدەستدا.

شەفیق نووری، مامی سێوان ساڵانێکی زۆرە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێیە، ئاماژەی بەوەکردووە  " ئێمە وەک خانەوادەی سێوە لەجیاتی باوکە ئەژنۆشکاوەکەی داوا لە سەرۆکی حکومەت دەکەین سێوە بگەیەنێتە دەرەوە. ئێمە سوپاسی زۆرمان بۆ بەڕێوەبەر و کارمەندان و نەخۆشخانەکە هەیە، بەڵام دەبوو وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەکی بناردایە و هەر هیچ نەبێت تاوەکو دڵی ئێمە سووکنایی بێت، نەوەک وەک نەخۆشێکی ئاسایی سەیربکرێت".



PM:08:56:23/12/2018