پێنجوێن: لەم مانگەدا 16 تۆمەتبار دەستگیركراون

 پۆلیسی قەزای پێنجوێن، دەستگیرکردنی نۆ تۆمەتباری راگەیاند، كە لەلایەن دادگاوە داواكراو بوون، هاوكات لە ماوەی ئەم مانگەدا لەسنووری قەزای پێنجوێن و مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، (16) تۆمەتبار دەستگیرکراون.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن بەشی پۆلیسی قەزای پێنجوێن بڵاوکراوەتەوەو وێنەیەكی بۆ "سپی" نێردراوە تیایدا هاتووە، "لەماوەی یەك هەفتەدا و لەلایەن هێزەكانی بەشی پۆلیسی پێنجوێن، 9 تۆمەتبار دەستگیركراون، بەشێوەیەك دوو تۆمەتبار، بەپێی ماددەی (446) لەیاسای سزادانی عیراقی، هەردوو تۆمەتبار پیشینەی دزییان هەبووە و لەلایەن دادگاوە داواكراو بوون، هاوكات تۆمەتبارێكیش بەپێی ماددەی (443) لەیاسای سزادانی عێراقی دەستگیركراوە، كە لەلایەن بنكەی پۆلیسی بەختیاری شاری سلێمانییەوە داواكراو بووە و ڕەوانەی بنكەی ناوبراو كراوەتەوە، بۆ تەواوكردنی ڕێكارە یاساییەكان لەگەڵیدا، لەگەڵ دەستگیركردنی چوار تۆمەتبار كە بەپێی ماددەكانی (432 و 435) لەیاسای سزادانی عیراقی كە هەڕەشەیان لە هاووڵاتیان كردووە و دوو تۆمەتباریش دەستگیركران بەپێی ماددەكانی (22 و 23)ی هاتوچۆ".

ئەوەشهاتووە، جگە لەو نۆ تۆمەتبارەی دەستگیركراون، لەسەرەتای ئەم مانگەوە تاوەكو ئەمڕۆ 25ی كانوونی یەكەم، 6 كەسی دیکە بەفەرمانی‌ دادوەر و بەپێی‌ ماددەكانی‌ (15ی‌ جەوازات‌، 21ی‌ هاتوچۆ، 24ی‌ مانەوەی‌ بێگانەكان ‌و 432 لەیاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌) لەلایەن دادگاوە بەتۆمەتی‌ ئەنجامدانی‌ سەرپێچی ‌‌و تاوانی‌ جۆراوجۆر داواكراوبوون و پاش دەستگیركردنیان پەڕاوی‌ لێكۆڵینەوە بۆ سەرجەم تۆمەتبارەكان كراوەتەوە و رووبەڕووی دادگا كراونەتەوە.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا پۆلیسی قەزای پێنجوێن ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر لەم مانگەدا توانراویشە لەلایەن، هێزەكانی بنكەی پۆلیسی باشماخ، تۆمەتبارێك دەستگیر بكرێت كە بەفەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی (446) لەیاسای سزادانی عیراقی لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە داواكراو بووە و لەئێستاشدا تۆمەتبار (م، ر) لەدایكبووی 1985، بەڕەگەز ئێرانی ) بە فەرمانی دادوەر ڕاگیراوە و پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆکراوەتەوە.




PM:06:28:25/12/2018