دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی: دادگاییەكان لەبەرچاوی خەڵك دەشێوێنرێن

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی، لە راگەیەندراوێكیدا ئاشكرایكردووە، بەناوی راگەیاندن و میدیاوە دەستوەردانێكی نادروست لە كاروباری دادگاكان دەكرێت و رەوتی لێكۆڵینەوە و دادگاییەكان لەبەرچاوی خەڵك دەشێوێنرێن.

بەگوێرەی راگەیاندراوێكی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی، كە ئەمڕۆ 27ی کانونی یەکەمی 2018، لە ماڵپەڕی دادگای سلێمانی بڵاوكراوەتەوە، تێیدا هاتووە "وەك تێبینی دەكرێت ماوەیەكە بەناوی راگەیاندن و میدیاوە دەستوەردانێكی نادروست لە كاروباری دادگاكان دەكرێت و رەوتی لێكۆڵینەوە و دادگاییەكان لەبەرچاوی خەڵك دەشێوێنرێن، تۆمەتبار بە تاوانبار لەقەڵەم دەدرێت و خەڵك دادگایی دەكرێت و حوكم دەدرێت بەسەریدا، بێئەوەی هێشتا دادگا كەیسەكەی یەكلاكردبێتەوە و تاوانباری و بێتاوانی لایەنەكانی سەلماندبێت.

دادگای تێهەڵچونەوەی داوای لە سەرجەم دەزگا میدیاییەكان كردووە، دەست لەو كارە "ناشیاوە" هەڵگرن و میدیا نەكەنە شوێنێك بۆ تێكدانی شیرازەی خێزان و پشێوی كۆمەڵایەتی و نابووتكردنی یاساو دادپەروەری و وەلانانی رۆڵ و ئەركی دادگاكان.

هەروەها باس لەوەشكراوە "با میدیا ئەركی راستەقینەی خۆی ببینێت لە بڵاوكردنەوەی رۆشنبیری و پێدانی زانیاری و هەواڵی دروست بە هاووڵاتیان و دووركەوتنەوە لە ناوزڕاندن و تۆمەتباركردن و لەكەداركردنی ناوو ناوبانگی كەسەكان و دەزگاكان، كە ئەو جۆرە كارانە دەچێتە خانەی تاوان و لێپێچینەوەی یاسایی هەڵدەگرن.

دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی، لە راگەیاندراوەكەیدا پەیامێكیشی ئاراستەی هاوڵاتیان كردووەو داوای لێكردوون باوەڕ بەو جۆرە میدیایانە نەكەن و دوای مەرامەكانیان نەكەون و لەوە تێبگەن كە یەكلاكردنەوەی كێشەكان و تاوانباركردن و دەرخستنی بێتاوانی ئیشی دادگایە و میدیاكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان شوێنی ئەو كارانە نین.

 هەموولایەكی دڵنیاكردۆتەوە كە دادگاكان رۆڵی پیشەییانەی خۆیان دەگێڕن و دوور لە هەڵچوون و سۆز، بەپێی یاسا بەركارەكان، دوای لێكۆڵینەوەی ورد و گەیشتن بە ڕاستی ڕووداوەكان، دۆسیەكان یەكلا دەكاتەوە.



PM:02:42:27/12/2018