چەک و تەقەمەنی دیکە بۆ هەسەدە نێردرا

لەکاتێکدا ئیدارەی واشنتن لە گفتوگۆدایە سەبارەت وەرگرتنەوە یان وەرنەگرتنەوەی ئەو چەکانەی رادەستی یەپەگەی کردووە، کاروانێکی دیکەی چەک و کەرەستەی سەربازی لە رێگای هەرێمی کوردستانەوە گەیەنراوەتە بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە منبج و رەقە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، درەنگانی شەوی رابردوو نزیکەی ٢٠٠ بارهەڵگری پڕ لە چەک و کەرەستەی سەربازی و لۆجیستی لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە گەیەنراوەتە بنکەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات (منبج و رەقە).

روانگەی سوری رایگەیاندوە، لە دوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا ئەمە دووەمین کاروانی سەربازییە کە لە رێگای هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی ناوخاکی سوریا و هێزەکانی هاوپەیمانان کرابێت.

١٩ی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە بڕیارێکی فەرمی کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند و ئەو بڕیارەش کاردانەوەی جیاوازی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستانی لێکەوتەوە. 


PM:12:22:30/12/2018