نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکی حکومەتی هه‌رێمى كوردستان بەبۆنەی ساڵی نوێوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، موچه‌خۆران لە ساڵانی ڕابردوو هەتاوەکو ئێستا به‌رگه‌ى زۆر قه‌یران و بێ موچه‌ییان گرت و، تێگه‌یشتنیان بۆ دۆخى سه‌خت و هه‌ستیارى كوردستان هه‌بوو و دەڵێت "كاته سه‌خته‌كان تێپه‌ڕین"
نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆکی حکومەتی هه‌رێمى كوردستان لە پەیامەکەیدا وێڕای پیرۆزبایکردنی جەژنی ساڵی نوێ لە ته‌واوى پێكهاته‌كانى كوردستان دڵنیای موچەخۆرانیش دەکاتەوە، "كاته سه‌خته‌كان تێپه‌ڕین و ئاینده‌یه‌كى گه‌ش و ئارامى و پێشكه‌وتن و بووژانه‌وه چاوه‌ڕێى خه‌ڵكى كوردستان دەکات."
هەر لە پەیامەکەیدا نێچیرڤان بارزانی ئاماژە بەوەش دەکات، کەموکورتی هەبووە لە ساڵی ٢٠١٨‌دا و ئەو کەموکورتییەش بە بەشێک لە کاروانی پێشکەوتنی دەزانێت و پێیوایە "کەموکورتی كاتێك دەردەکەون کە ژیان بەرەو پێش دەڕوات، لە ژیانی وەستاو و نەگۆڕدا کەموکورتی ڕوونادەن."
سەرۆکی حکومەت هەر لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ساڵی ٢٠١٨‌دا ڕاستییەکی زۆر گرنگی بووە بۆ دەرەوە و ناوەوە، ئەوەش بەهۆی بەڕێوەچوونی دوو ھەڵبژاردنی گشتی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان.