عەبادی لەسەر هەڵكوتانە سەر ماڵەكەی ڕوونكردنەوە دەدات

نوسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق و سەرۆكی ئیئتیلافی نەسر، لەسەر هەڵكوتانە سەر ماڵەكەی روونكردنەوە دەدات و دەڵێت "عادل عەبدولمەهدی دوێنێ پەیوەندی كردووە، هەموو ئەو هەڵسوكەوت و رێوشوێنانە رەتدەكاتەوە كە بەبێ زانیاری ئەو ئەنجامدراون"‌.

لە روونكردنەوەیەكدا نووسینگەی رۆژنامەوانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق و سەرۆكی ئیئتیلافی نەسر دەڵێت "رۆژی چوارشەممەی رابردوو، ژمارەیەك پاسەوانی سەرۆك وەزیران عادل عەبدولمەهدی دەروازەی ئەو كۆمەڵگەیەی ماڵی حەیدەر عەبادی لێیە داخستووە".

بەگوێرەی روونكردنەوەكە دوای ئەوەی پەیوەندییان بە عادل عەبدولمەهدی كردووە، پێیان ڕاگەیاندوون پرسیار دەكەن و وەڵامدەدەنەوە، بەڵام وەڵامیان نەبووە.

نوسینگەی حەیدەر عەبادی روونیشی دەكاتەوە: هەموو گرژییەك رەتدەكەنەوە‌، هەروەك هەموو شوێن و بارەگاكانیشیان رادەستكردۆتەوە، لەناویشیاندا ئەو ماڵە، بەڵام بەم هەڵسوكەوتەی پاسەوانەكانی عەبدولمەهدی تووشی شۆك بوون‌.

دەشڵێت "عادل عەبدولمەهدی دوێنێ پەیوەندی كردووە، هەموو ئەو هەڵسوكەوت و رێوشوێنانە رەتدەكاتەوە كە بەبێ زانیاری ئەو ئەنجامدراون"‌.

نووسینگەی رۆژنامەوانی حەیدەر عەبادی، جەختیشدەكاتەوە: هەموو رێوشوێنە دروستەكان دەگرنەبەر لەمامەڵەكردن لەگەڵ گەڕاندنەوەی ئەو موڵكانەی دەوڵەت، لەگەڵ هەموو كەسدا.

هێزێكی سەربازی عێراقی شەوی دووشەممە 31ی كانونی یەكەم، لە ناوچەی سەوزی بەغدا-ی پایتەخت هەڵیانكوتایە سەر ماڵی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوی عێراق و بۆ ماوەیەك خۆی و هاوسەرەكەیان دەستبەسەر كردووە بەر لەوەی هێزەكە لە ماڵەكەی بچێتەدەر و دواتریش خانووەكەیان پێ چۆڵكردوون.



AM:10:57:02/01/2019