ڕۆحانی پەیامێکی تەنز ئامێز ئاراستەی ترەمپ دەکات

حەسەن رۆحانی، سەرۆك کۆماری ئێران بەتەنزەوە داوای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كرد ئەگەر دەوێرێت بە ئاشكرا پیاسەیەك بەنێو شارەكانی بەغدا و بەسرەدا بكات و ببینێ عێراقییەكان چی بە ئەمریكا دەڵێن.

رۆحانی سەردانە نهێنییەكەی ئەم دواییەی ترەمپی بۆ شاری ئەنباری عێراق بە ترسنۆكانە وەسف كرد و رایگەیاند ئەمە نیشانەی شكستی ئەمریكایە، وتیشی "ترەمپ ناوێرێ بچێتە سووریا و لوبنان و یەمەن، چوونە دەرەوەی ئەمریكاش لەو ناوچەیە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری".

سەرۆكی ئێران دووپاتی كردەوە وڵاتەكەی دەیەوێ "ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەدا بەرپا بكات، بۆ ئەوەی گەلانی ناوچەكە لە سایەی حكوومەتی دیموكراتی خۆیاندا بژین و خۆیان دەسەڵاتدارانی خۆیان هەڵبژێرن".


PM:08:31:02/01/2019