فازل میرانی: پارتی فیفتی فیفتی لەگەڵ یەکێتی ناکات

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی، فازل میرانی دەڵێت" "لای ئێمە ئیستیحقاقی ئینتخابی گرینگە، بەڵام نەك بە فیفتی بە فیفتی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیدا، چونكە ئەزموونی ساڵانی رابردوو سەلماندی كە ئەم سیستمە سەركەوتوو نەبوو، بەڵام پارتی رەچاوی مێژوو و سەنگی یەكێتیی نیشتمانی دەكات".

ئەو قسانەی فازل میرانی لە میانەی ئەو دیدارەدا هات لەگەڵ كۆنسووڵی گشتیی ئەمەریكا، ستێڤ ڤیگن، کە لەو دیدارەدا جگە گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی وتیشی"  دوای راگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە پڕۆسەیەكی سەركەوتووی دیموكراتی بوو، پارتی پلەی یەكەمی بە دەست هێنا، بەڵام لای پارتی بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان و پاراستن و سەقامگیریی ئەمن و ئاساییشی هەرێمی كوردستان، لە پێش هەر پلە و پۆستێك یا دەستكەوتێكدایە".

دەربارەی کێشەکانی کەرکوک، فازل میرانی رای پارتی بەو شێوەیە گوزارشت لێکرد " لە لای ئێمە ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك گرینگە و هەروەها هەنگاوەكان و هەوڵەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ لایەنەكانی تری هەرێم بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێی بەهێز بۆ هەرێمی كوردستان، كە لە خزمەت خەڵكی كوردستاندا بێت بەردەوامن و، لەم پێناوەدا گفتۆگۆكان بۆ گەییشتن بە رێككەوتنێكی گونجاو، درێژەیان دەبێت".



PM:05:03:05/01/2019