پارتی‌و یەکێتی نزیکن لەئازادکردنی هەردوو کادیرە دەستگیراوەکەیانەوە لە هەولێر و سلێمانی

گفتوگۆ لەئاستێکی بالآ لەنێوان پارتی و یەکێتی لە ئارادایە بۆ ئازادکردنی هەریەک لە پێشڕەو وەیسی کادیری یەکیتی دەستگیرکراو لە ئاسایشی هەولێر و، سەرخێڵ ئەکبەر دەستگیرکراو لە ئاسایشی سلێمانی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" لە رێگای محەمەد حاجی مەحمود سکرتێری حیزبی سۆسیالیست نێوەندگیریەک هەیە بۆ رەوینەوەی گرژیەکانی  نێوان پارتی و یەکێتی و بەڵێنی لە هەردوو لایەن لەبەرزترین ئاستدا وەرگرتووە، کە ئەو دووکادیرەی هەردوولا ئازادبکرێن".

هەرچەندە بڕیاربوو کادیرەکەی پارتی سەرخێل ئەکبەر، ئەمڕۆ شەممە ٥ ی کانوونی دووەم ئازاد بکرایە، هاوکات پێشڕەو وەیسی کادیری یەکێتیش ئازاد بکرایە، بەلآم پێدەچێت ئازادکردنی کادیرەکەی پارتی وەک سەرچاوەیەکی یەکێتی بۆ سپی روونکردنەوە پەیوەندی بە دادگاوە هەبێت و سبەی هەنگاوی ئازادکردنی دەستپێبکات، هەرچی کادیرەکەی یەکێتی هەیە، ئازادکردنی ئاسانە چونکە هیچ کەسایەتی و دەزگا و لایەنێک سکالآیان لەسەری تۆمار نەکردووە".

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، یاسای دژە تیرۆر لایەنی سکالآکارە لەسەر سەرخێڵ ئەکبەر بەو پێیەی ناوبراو تۆمەتبار کراوە بە هاندانی " هەڵۆ محەمەد ئەمین " ئەو منداڵە تۆمەتی ئەوەی درابووە پاڵ کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەناوی دامەزراوە ئەمنی و رێکخراوەکانی یەکێتی یەوە هێرشیکردبووە سەر خەڵک و سووکایەتی پێکردبوون.

بەپێی زانیارییەکانی سپی لە دوو رۆژی داهاتووە دەرچەیەک بۆ ئەو کێشەیە دەکرێتەوەو گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت لەنێوان پارتی و یەکێتی دەستپێدەکاتەوە.



PM:09:51:05/01/2019