نەزهەت حالی: دەستگیرکردنی کادیرانی یەکێتی‌و پارتی جێگای نیگەرانییە

بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری، نەزهەت حالی رایگەیاند "دەستگیرکردنی کادرانی یەکێتی و پارتی جێگای نیگەرانی ھەموو نیشتمانپەروەرانن و دەبێت دامەزراوە ئەمنییەکان پارێزەری ھەر تاکێک بن بێ جیاوازی".

نەزھەت حالی، بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری لە ئەکاونتی خۆی  لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی، "بە داخەوە رووداوەکانی ئەم دواییە سەبارەت بە گرتنی کادیرانی پارتی و یه‌کێتی جێگای نیگەرانی ھەموو نیشتمانپەروەران و ئەو کەسانەیە کە لەخەمی ئارامی و ئاسایشی ھاووڵاتیانن".

بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری لەو نووسینەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دامەزراوە ئەمنییەکان دەبێت پارێزەری گیان و سەروەت و سامانی ھەر تاکێکی ئەو ھەرێمە بن بە بێ جیاوازی باوەڕی ئاینی، نەتەوەیی و سیاسی.

ئەو بیری پارتی و یەکێتی دەخاتەوە کە یەکێتی و پارتی دەبێت زیاتر لەھەموو لایەنەکان ئەرکی پاراستنی یاسا و ئارامی و ئاسایشی ناوخۆیان دەکوێتە ئەستۆ.

دوو کادیری پارتی و یەکێتی لە لایەن ئاسایشی سلێمانی و هەولێرەوە دەستگیرکراون و ئەمەش بۆتە مایەی گرژی لەنێوان هەردوولایەنی دەسەڵاتدار.



AM:09:24:06/01/2019