ئاماری قوربانیانی بومەلەرزەکەی ئەمڕۆ راگەیەندرا

لە ئەنجامی بومەلەرزەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە رۆژهەلاتی کوردستان ٣١ هاوڵاتی برینداربوون.

ئاژانسی هەواڵی ئیسنا لەزاری پیرحسێن کولیوەند سەرۆکی ڕێکخراوی فریاگوزاری ئێران بڵاویکردەوە، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ٣١ هاوڵاتی لە شارەکانی گیلان غەرب و قەسری شیرین و سەرپێڵی زەهاو ڕەوانەی ناوەندە تەندروستییەکان کراون، کە لەو ژمارەیەش ٢٩ کەسیان چارەسەری پزیشکییان بۆ کراوە و ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە، هاوڵاتییەکیش نەشتەرگەری بۆ کراوە و ئەوەی دیکەشیان لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.

سەرۆکی ڕێکخراوی فریاگوزاری ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرجەم ئەو کەسانە بەهۆی ترس لە بوومەلەرزەکە و هەڵاتنەوە برینداربوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

لە کاتژمێر ٠٤:٤٢ خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦ پلە بە پێوەری ڕێختەر ناوچە سنورییەکانی نێوان ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی هەژاندووە، کەبە قوڵی ١٠ کیلۆمەتر لەژێر زەوی ڕوویداوە و چەند خولەکێک پاش بوومەلەرزەکە چەند پاشلەرزەیەک بە گوڕی جیاجیا لە هەمان ئەو ناوچانە و لە ٢٥ کیلۆمەتری شاری خانەقین ڕوویانداوە.

هەروەها میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە بەوەدەکەن، چەقی بوومەلەرزەکە شاری گیلان غەرب بووە و لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەستی پێکراوە.


PM:08:46:06/01/2019