هێزەكانی سووریای دیموكرات "هەسەدە" مامۆستایەكی ئەمریكی دەستگیركرد، كە نامەیەكی بۆ رێكخراوی تیرۆریستی داعش ناردووە.
وارن كریستۆفەر كلاركی تەمەن 34 ساڵ، مامۆستا بوو لە ناوچەی فۆرت پێند لە شاری شۆغەر لاند لە ویلایەتی تێكساسی ئەمریكا و خۆی خەڵكی شاری هیوستن بووە لە هەمان ویلایەت.
هەسەدە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، هێزەكانیان لە مەیدانی شەڕدا وارن كریستۆفەریان دەستگیر كردووە.
پێشتر هەسەدە رایگەیاندبوو، دوای رزگاركردنەوەی شارۆچكەی هەجین لە پارێزگای دێرەزوور لەژێر دەسەڵاتی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، نامەیەكی مامۆستایەكیان بەناوی وارن كریستۆڤەر لە ماڵێكی ئەو شارۆچكەیە دۆزیوەتەوە.
كریستۆفەر لە نامەكەدا، كە ژیاننامەی خۆی نووسیوە، داوای لە داعش كردووە رێگای بدەن وەك مامۆستای ئینگلیزی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش كار بكات، بۆ ئەوەی منداڵانی چەكدارانی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە، فێرە ئینگلیزی بكات.