ئەمریكا كاروانێكی تری هاوكاری گەیاندە هەسەدە

دوای بڕیارەكەی ترەمپ، بۆ كشانەوەی ھێزەكانیان لە سووریا، ئەمەریكا سێیەم كاروانی ھاوكارییە سەربازییەكانی گەیاندە دەست "ھەسەدە".

روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە دوای بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كشاندنەوەی سەربازانی لە سووریا، بۆ "جاری سێیەم ئەو وڵاتە كاروانی ھاوكارییە سەربازییەكانی ناردە ناوچەكانی ژێر دەستی ھەسەدە لە رۆژھەڵاتی رووباری فورات".

 ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو كاروانە سەربازییە پێكدێت لە 150 ئۆتۆمبێل و زریپۆش و ھاوكاری لۆجیستی و سەربازی.

ئەمە لەكاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆتایی ساڵی 2018 بڕیاریدا ھێزەكانی وڵاتەكەی لە سووریا و رۆژئاوای كوردستان بكشێنێتەوە، دوای ئەوەش فەرماندەكانی ھەسەدە رایانگەیاندووە، توركیا بە نیازە ھێرش بكاتە سەر منبج و چەند ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستان.

دوای بڕیارەكەش لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا لە كۆشكی سپی ترەمپ رایگەیاند "ئەمەریكا دەیەوێت دوای كشانەوەی هێزەكانیشی لە سووریا، پارێزگاری لەو جەنگاوەرە كوردانە بكات، كە لەلایەن وڵاتەكەیەوە‌ پشتیوانی دەكرێن".



PM:02:03:07/01/2019