ئیبراهیم کالن وتەبێژى سەرۆکایەتى کۆمارى تورکیا رایگەیاند، باسمان لە دیارییکردنى سنوورى ئارام لە سوریا نەکردووەو بۆ هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتەش مۆڵەت لەکەس وەرناگرین.
وتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنووسیدا لەدوای دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ جۆن بۆڵتن راوێژکارى ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، رایگەیاند "لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ جۆن بۆڵتن راوێژکارى ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، بەهیچ شێوەیەک باسمان لە دیارییکردنى سنوورى ئارام لە سوریا نەکردووە.
وتیشی، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە ماوەى 60 - 120 رۆژدا هێزەکانیان لە سوريا دەکشێننەوە و ئێستا سەرقاڵى چۆنیەتى کشانەوەى هێزەکانیان و چارەسەرکردنى پرسى کۆکردنەوەى چەکەکانیانن کە لەسوریا بڵاویانکردۆتەوە.
کاڵن لەبارەى وەرگرتنى رەزامەندى ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاواى کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، تورکیا هەماهەنگى لەگەڵ هەموو کەس دەکات، بەڵام مۆڵەت لەکەس وەرناگرێت.
باسی لەوەشکرد، تورکیا وڵاتێکە کە گەورەترین ھەستیاری لەبارەی ئاسایشی گیان و ماڵی خەڵکی سڤیلی ئەوێ نیشان دەدات بە کوردەکانیشەوە، بەڵام ھیچ کەس چاوەڕوانی ئەوە لە تورکیا نەکات کە دڵنیایی بداتە ھیچ رێکخراوێکی تیرۆریستی و بەھەر ھۆکارێک بێت شەرعییەتیان پێ بدات".
هەروەها بەپێویستی زانی یەپەگە بەتەواوی لەوێ بکشێنەوە و منبج رادەستی ھێزە خۆجێییەکان بکرێت".
وتەبێژى سەرۆکایەتى کۆمارى تورکیا باسی لەوەشکرد، کە ئەردۆغان بەڵێنى پاراستنى کوردەکانى سوریاى بە ئەمریکا نەداوە.