ژمارەیەک دەزگای میدیایی: سلێمانی لەشاری رۆشنبیریەوە مەکەن بەشاری سەرکوتکردن

ژمارەیەک لەدەزگاکانی راگەیەاندن راگەیەندراوێکیان لە دژی داخستنی سینەما سالم و ئەو پێشێلکاریانەی، کە بەرامبەر میدیاکان و ناوەندە  رۆشنبیرییەکان دەکرێت لە سنوری پاڕیزگای سلێمانی بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە: 

سلێمانی لەشاری رۆشنبیریەوە مەکەن بەشاری سەرکوتکردن
راگەیاندراوێک لەسەر ئەو پێشێلکاریانەی دژی ئازادی لەسلێمانی ئەنجامدەرێن..

رۆشنبیران، چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی، لایەنە سیاسیەکان، هەموو ئەو خەڵکانەی خەمی بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی‌و ئازادیان هەیە، ماوەیەکە دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی دەستیانکردووە بەپێشێلکاریی سیاسی بەرامبەر دەزگا رۆشنبیری‌و هونەری‌و چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی، بەردەوامبوونی ئەم سەرکوتکردنە خەریکە دۆخی ئەم شارە کە بەپایتەختی رۆشنبیری ناوزەد دەکرێت، دەگۆڕدرێت بەشاری سەرکوتکردن.

هێزەکانی ئاسایش ئەمڕۆ ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ ناوەندی رۆشنبیری غەزەل نووسییان بۆ ماوەیەکی کاتی داخست، دوێنێش لەسەر بڵاوکردنەوەی فلمێکی تایبەت بەژیانی ژنە تێکۆشەرانی باکوری کوردستان ساکینە جانسزو هاورێکانی، سینەما سالمیان بۆ ماوەی رۆژێک داخست، ئەم زنجیرە پێشێلکارییە لەمانگی رابردووەوە دەستیپێکرد کاتێک ٢٠ کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ نزیکەی ١٠٠ چالاکوان بە پیاوو ژنەوە کە نزیکبوون لەتەڤگەری ئازادی دەستگیرکران و چەند رۆژێک لەزیندان هێشتنیانەوەو پێشتریش بارەگاکانی ئەو حیزبەیان داخست.

ئەم دەستدرێژیانە پاشخانە سیاسیەکەی هەرچی بێت‌و بچێتە بواری چ سازشکردنێک لەگەڵ وڵاتانی هەرێم، دەستدرێژییە بۆ سەر ئازادی‌و ئازدی بیروڕا لەپارێزگای سلێمانی‌و سەرتاسەری هەرێمی کوردستان‌و دژی هەموو ئەو یاسا بەرکرانەیە کە لەبواری کاری میدیایی‌و رۆشنبیریدا لەپەرلەمانی کوردستان  دەرکراون.

ئێمە ئەم دەزگایانەی کە لەخوارەوە ناومان هاتوە دژی ئەم پێشێلکاریانەین‌و  بەزەنگێکی مەترسی دادەنێن کە سیمای تەواوی ئەم شارە لەشارێکی پڕ بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی‌و رۆشنبیری بگۆڕدرێت بەشارێکی پۆلیسی‌و ئەو پەراوێزە ئازادەی تیادا نەمێنێت کە پێشەنگە بۆ شارەکانی تری هەرێم‌و هەمیشە بەپارێزگایەک ناسراوە کە دەربڕینی ناڕەزایی‌و داکۆکیکردن لەئازادیدا لەشارەکانی تری هەرێم‌‌و بگرە عێراقیش جیاوازترە، ئەگەر ئەم روبەرە لەئازادی نەهێڵرێت، ئیتر چی دەمێنێ ئەم شارە شانازی پێوە بکات؟! 

ئەم دەزگایانە ئەم هەڵسوکەوتە لەسەر بنەمای هەر یاساو رێسایەک بێت، پێشێلکاریە بەرامبەر ئازادی و ئازادی رادەربڕین و داهێنان و، داوادەکەین ئەم جۆرە رەفتارانە رابگیرێت. هەروەها داوادەکەین لەدەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم‌و پەرلەمانی کوردستان کۆتایی بەم دۆخە بهێنن‌و لەچۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەر دەزگایەکی رۆشنبیریدا جارێکیتر پەنا نەبەنە بەر هێزو زۆرەملێ، بەڵکو پێویستە بەشیوەیەکی شارستانی‌‌و لەچوارچێوەی یاسایەکی دیموکراسیدا مامەڵە بکەن‌.

-ماڵپەڕی سپی میدیا..
-رۆژنامەو ماڵپەڕی ئاوێنە..
-تەلەفزیۆنی پەیام..
-تەلەفزیۆنی KNN
-دامەزراوەی میدیایی نالیا 
-ماڵپەڕی درەو میدیا  


PM:03:53:09/01/2019