هێرشکرایە سەر باڵوێزخانەی ئێران لەهۆڵەندا

دوای ئەوەی هۆڵەندا بەڕەسمی ئێرانى له‌ تێوه‌گلان به‌ تیرۆرکردنی دوو هاووڵاتی هۆڵەندی بە رەچەڵەک ئێرانی تۆمه‌تباركرد، ژمارەیەک گەنجی ئەهوازی هێرشیانکردەسەر باڵیۆزخانەی ئێران لەو وڵاتە.

میدیاکانی هۆڵەندا بڵاویانکردەوە کە دوێنێ ژمارەیەک گەنج لەڕێگەی بەردباران کردنەوە هێرشیانکردوە تەسەر باڵیۆزخانەکە و ئاڵای ئەهواز و وێنەی ئەحمەد مولى، سەرکردەی تێکۆشانی عەرەبی بۆ ئازادی ئەهوازیان هەڵکردبوو.

پێشتر ستیف بلوک، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا رایگەیاند: رژێمی ئێران لە ساڵەکانی 2015 و 2017دا عەلی موعتەمیدی، ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی  و ئەندامی رێکخراوی موجاهید و ئەحمەد مولى-ی تیرۆرکردوە و هەواڵگری هۆڵەندا بەڵگەی حاشاهەڵنەگری لایە کە ئێران تێوەگلاوە لەو دوو تیرۆرکردنە.

لە کانونی یەکەمی 2015دا موعتەمید لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شاری ئەلێمرای ناوەڕاستی هۆڵەندا تەقەی لێکراوە و کوژراوە، هەروەها لە تشرینی دووەمی 2017دا مولی لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە تەقەی لێکراوە و سێ فیشەکی بەرکەوتووە کە یەکێکیان بەر سەری کەوت و دوانەکەی دیکەش بەر دڵی کەوتن.
 
مولی بزوتنەوەی تێکۆشانی عەرەبی بۆ ئازادی ئەهوازی دامەزراند کە تێدەکۆشا بۆ بنیادنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە باشوری خۆرئاوای ئێران کە ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە نەوت.



PM:04:03:10/01/2019