فەڕەنسا زانیاری لەبارەی کشانەوەیان لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاشکرادەکات

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاند، تا چارەسەرێکی سیاسی لە سوریا بەدینەیەت، هێزەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا ناکشێننەوە.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "سی نێت" جان ئیڤ لودریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاند، "پاش ئەوەی سوریا چارەسەرێکی سیاسی دۆزیەوە بۆ ئەو ئاڵۆزییە چەکداریانەی کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە لە وڵاتەکەدا بەردەوامە، فەڕەنسا هێزەکانی لە سوریا دەکشێنێتەوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "بەشداریکردنی سەربازیی سەرەکییان لە وڵاتی عێراقە و هێزێکی کەمیان لە سوریا هەیە".

لودریان ئەوەشی خستەڕوو، روسیا بەرپرسە لە چارەسەری سیاسی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سوریا چونکە دەستوەردانی لە دۆخی وڵاتەکەدا کردووە و بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی بەشار ئەسەد.

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا جەختی لەوەشکردەوە کە بە ڕێگەی سەربازیی چارەسەر بۆ دۆخی سوریا نادۆزرێتەوە، بەڵكو رێگە خۆشدەکات بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە وڵاتەکەدا.

١٩ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە بڕیارێکی فەرمی کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا راگەیاند و بڕیارەکەش کاردانەوەی لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستانی لێکەوتەوە.


PM:04:34:10/01/2019