سەنتەری میترۆ: فەرز كردنی كۆت‌ و بەند لەسەر فەزای مەدەنی هەوڵێكی شكستخواردووی هێزە ئەمنییەكانە

سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند فەرز كردنی كۆت‌و بەند لەسەر فەزای مەدەنی هەوڵێكی شكستخواردووی هێزە ئەمنییەكانە بۆ بێدەنگكردنی خەڵك لە ئاست ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر بە مافی مرۆڤ دەكرێت.

سەنتەری میترۆ ڕاشیگەیاند "هێزە ئەمنییەكان لەو شارانەدا هەڵدەكوتنە سەر هەر چالاكییەكی مەدنی كە پەیوەندیدارە بە هێزانەی دژایەتی حكومەتی توركیا دەكەن، خۆپیشاندان‌و گربونەوەی لەو چالاكوانانە قەدەغەكردوە، تا كار گەیشتە داخستنی هۆڵی سینما سالم لە شاری سلێمانی".

سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند "رەفتاری سەركوتكردنی چالاكی مەدەنی لە شوێنێكی وەك پاركی ئازادی و "سەكۆی ئازاد" كە بیرۆكەی مام جەلال بوو بۆ فراوانكردنی پانتایی رەخنەگرتن تا دەگاتە "جوێندان بە خۆی"، هەموو ئەوانەی كە رۆژانە باس لە "رێبازی مام" دەكەن، دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی.".

سەنتەری میترۆ ڕاشیگەیاند فەرز كردنی كۆت‌و بەند لەسەر فەزای مەدەنی هەوڵێكی شكستخواردووی هێزە ئەمنییەكانە بۆ بێدەنگكردنی خەڵك لە ئاست ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر بە مافی مرۆڤ دەكرێت، داواش دەكات دەسبەجێ دەسبەسەركراوەكان بە بێ مەرج ئازاد بكرێن.

سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی IWPR دامەزاروە، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستانی عێراق.
میترۆ بە پێی یاسای رێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 2011 دامەزراوەو مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە.
بڕیارە لە كۆتایی ئەم هەفتەیە هەشتەمین راپۆرت سەبارەت بە رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی بۆ ساڵی رابردوو رابگەینین.


AM:11:30:12/01/2019