بەغدا وهەرێم رێککەوتن کە پشکی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بکرێتە ٥٠٠ ملیار

پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای گەیاند " هەرێم و بەغدا رێککەوتوون بڕی ئەو پارەیەی بۆ مووچە دەنێردرێت بۆ هەرێم زیاد دەکرێت لە نێوان ٤٥٠ ملیار بۆ ٥٠٠ ملیار"..

دانا شەهید جەزا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە میدیاکانی نزیک حیزبەکەی راگەیاندووە" ئێستە هەوڵەكان بۆ رێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی بەغدا بەردەوامە لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2019  و مووچەی فەرمانبەران و بەشە خۆراكی مانگانە و نەوت بەردەوامە".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئاشکرای دەکات هەفتانە لە هەرێمەوە شاندی وەزارەتی دارایی و وەزارەتە تایبەتمەندەكان دێنە بەغدا بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر ئەو پرسانەی تایبەتن بە بودجەوە.

دانا شەهید جەزا ئاماژەی بەوە كرد، هەرێم و بەغدا دەگەنە رێككەوتن و پشكی مووچەی فەرمانبەران كە ئێستە 317 ملیار دینارە زیاد دەكرێت بۆ 450  تا 500 ملیار دینار، بەڵام هێشتا ئەوە بە تەواوی یەكلا نەكراوەتەوە. پەرلەمانتارەكەی عێراق دووپاتی لەوە كردەوە كە دۆخی دارایی هەرێم و عێراق لە ساڵی2019 دا زۆر لە ساڵەكانی ڕابردوو باشتر دەبێت.

لەکۆتایی قسەکانیدا دەڵێت " كاركردن لەسەر پڕۆژە یاسای بوجەی 2019 بەردەوامە و هەموو لایەنەكان لە هەوڵی ئەوەدان زۆرترین دەستكەوت بە دەست بهێنن، هەروەك فراكسیۆنی پارتی لە هەوڵی ڕژددایە بۆ ئەوەی زۆرترین دەستكەوت بۆ گەلی كورد لە بوجەدا بە دەستبێت".



PM:07:58:12/01/2019