بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی بانگهێشتی ئەنجومەنی پارێزگا دەکرێت

 ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بەهۆی بڵاوکردنەوەی چەند وتەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێپێچینەوە لە بەڕێوەبەرەی گشتی کارەبای سلێمانی دەکات.

لە نوسراوێکدا کەلەلایەن جێگری پارێزگاری سلێمانی بەرزان محەمەدەوە بۆ پارێزگاى سلێمانى نێردراوە تیایدا داوای بانگهێشتکردنی سالار حیسامەدین بەڕێوەبەرى گشتیی کارەباى سلێمانى دەکات بۆ لێپێچینەوە.

بەپێی نوسراوەکە بەرزان محەمەد جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى داوای کردووە کە لە ڕۆژى (١٦ى کانوونى دووەمى ٢٠١٩)لە  کاتژمێر ١٠ى سەرلەبەیانى بەڕێوەبەری کارەبای سلیمانی لە هۆڵى ئەنجومەنى پارێزگا ئامادەبێت بەهۆی ئەو وتانەی، کە لە ئەکاونتى تایبەتى خۆى لەسەر ئەنجومەنى پارێزگا نوسیوویەتى.

پێشتر سالار حیسامەدین بەڕێوەبەرى گشتیی کارەباى سلێمانى لە هەژمارى خۆى لە فەیسبووک لە وەڵامێکدا بۆ ڕزگار حەمە نوری ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى، سەبارەت بە دانانى جۆزەى ٢٠ ئەمپێرى بۆ ماڵان نوسیبووى، "پڕۆژەى دانانى جۆزە لە ئەنجومەنی پارێزگاکەی کاک ڕزگارەوە بە نوسراوی فەرمی کۆنووسی جێبەجێنەکردنی کارەکەیان ئەنجامدا بە چەند مەرجێکی کۆنکرێتی."

ئەوەشی نوسیوە، کە"ئەوکات چەند ئەندامێکى ئەنجومەن بۆ موزایەدەی سیاسی کەوتنە تانەلێدان و سەرئێشە دروستکردن بۆ پرۆژەکە و جوڵاندنی ڕاگەیاندنەکان و خەڵک دژی ئەم کارە، بەوەش پڕۆژەکە ئامانجە گشتگیرییەکەی خۆی لەدەستدا و ئەوکات جیبەجێنەکرا، بۆیە ئەوکات وەک پرۆژەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبا ئەنجامنەدرا، بەڵام لەسەر داوای ناوچەکان و یەکە ئیدارییەکان خۆیان کاریان بۆ کرد لەو ناوچانەی کە ئێستا جۆزەیان ھەیە،  چاوەڕێی پرۆژەی پێوەری زیرەکن کە ھەمان کار دەکات و لە ئێستا لە ھەنگاوەکانی سەرەتایی پرۆژەکەن، ئەو ناوچانەی جۆزەیان نییە سەرەتا پرۆژەی پێوەری زیرەک لەوانەوە دەستپێدەکەن.

 


PM:08:15:12/01/2019