" تا ئێستا ئاوات بۆکانی دەستگیرنەکراوە "

دوای ئەوەی ئاوات بۆکانی هەفتەی رابردوو تەقەی لە دوو کەس کردو برینداریکردن، تا ئێستا ئەو هونەرمەندە دەستگیرنەکراوە، پۆلیس دەڵێت" شوێنی بزرە".

عەمید عەلی عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " گەڕانمان بەدوای ئەو گۆرانیبێژە میللییە بەردەوامە، ئاوات بۆكانی بەپێی ماددەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی لەلای ئێمە داواكراوە ‌و هێشتا شوێنی مانەوەی ئاشكرا نەكراوە، بۆیە گەڕان بەدوایدا بەردەوامە".

بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە لەدرێژەی لێدوانەکەیدا پێیوایە ئەو گۆرانیبێژەنەچۆتە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، چونكە وەك خۆی دەیڵێت"هەموو بازگەكانمان ئاگادار كردوونەتەوە لەهەر شوێنێك بینیان دەستگیری بكەن، جگە لەوە ئەو كەسێكی ناسراوە و چوونە دەرەوە بۆی ئاسان نییە".

ئاوات بۆکانی گۆرانی بێژی میللی ناسراو شەوی چوار شەممە 9-1-2019 لە سەیرانگای چنارۆكی نزیك كۆیە، تەقەی لە دوو كەس كرد و هەردوو كەسەكەشی بریندار كردن. ئێستا باری تەندروستی هەردوو كەسەكە جێگیرە.



AM:08:48:13/01/2019