كەشناسی هەرێم زانیاری لەبارەی بوومەلەرزەكەی ئەمڕۆوە ئاشكرادەكات

بەرێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم زانیاری لەبارەی بوومەلەرزەكەی ئەمڕۆوە ئاشكرادەكات و ڕایگەیاندووە گوڕی بوومەلەرزەكە 3.9 بووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی كەشناسی ئەمڕۆ سێشەممە 15ی كانوونی دووەمی 2019 بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 3.9 پلە بە پێوەری ڕێختەر لە دووری 29 كم لە خانەقین و بە قوڵایی 12كم ڕوویداوە.

كەشناسی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە هاوڵاتیان هەستیان پێكردووە، بەڵام هیچ زیانێكی نەبووە.

ئەوەش لەكاتێكدایە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بڵاویكردەوە ئەمشەو زەمینلەرزەیەك بەگوڕی 4,6 بەپێوەری ڕێختەر، شارەكانی خانەقین و كەلاری هەژاندووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق كاتژمێر09،17ی ئەمشەو لە دووریی 32 كیلۆمەتری باشووری رۆژهەڵاتی خانەقین زەمینلەرزەیەك روویداوە.

هاووڵاتیانی خانەقین و كەلار هەستیان بە هێزی زەمینلەرزەكە كردووە، بەڵام هیچ هەواڵێك لەبارەی كەوتنەوەی زیانی گیانی و مادی بڵاونەبووەتەوە.

وەزارەتی گواستنەوە داوای لە هاووڵاتیانی ئەم سنوورانە كردووە ئاگەداری خۆیان بن لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی زەمینلەرزە.



AM:10:34:15/01/2019