هەسەدە ناوچەیەكی دیكەی لە دەستی داعش ڕزگاركرد

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە هەسەدە بەتەواوی شارۆچكەی سوسەیان لە ڕۆژهەڵاتی سوریا كە لەژێردەستی چەكدارانی داعش بوو كۆنتڕۆڵكردووەتەوە.

ڕامی عەبدوڵرەحمان، بەڕێوبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی فڕانس پرێس ئاماژەی بەوەكردووە، سوسە گەورەترین شارۆچكە بووە كە بەدەست چەكدارانی ڕێكخراوی داعشەوە بوو و ١٢٠ چەكداری ئەو ڕێكخراوە لە كاتی كۆنتڕڵكردنەوەی شارۆچكەكە خۆیان بەدەستەوەداوە.

وتیشی، ئێستا داعش تەنها شارۆچكەی باغۆز فۆقانی لەبەردەستدا ماوە لەگەڵ هەندێك بینای نیشتەجێبووندا كە ڕووبەرەكەیان دەگاتە نزیكەی ١٥  كیلۆمەتر چوارگۆشە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە دوای مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردووەوە پێكدادانەكان بوونەتە هۆی كوژرانی زیاتر لە هەزار چەكداری ڕێكخراوی داعش و نزیكەی ٦٠٠ چەكداری هێزەكانی سوریای دیموكرات و٣٦٠ هاوڵاتی مەدەنی.




AM:09:05:16/01/2019