خانمە ھونەرمەندێكی ناسراوی ئەمریكی كۆچی دواییكرد

خانمە ھونەرمەندێكی ناسراوی ئەمریكی، كە لە چەندین فیلمی سینەمایی وڵاتەكەیدا بەشداری كردووە و خاوەنی چەند گۆرانییەكیش بوو، كۆچی دواییكرد.

میدیا جیھانییەكان بڵاویان كردووەتەوە، دوێنێ سێشەممە 15ی كانوونی دووەمی 2019، كارۆڵ ئیلاین چانینگ، خانمە ئەكتەر و گۆرانیبێژی ئەمریكی، لە تەمەنی 97 ساڵیدا و لە ویلایەتی (كالیفۆرنیا)ی ئەمریكا، كۆچی دواییكرد.

كارۆل چانینگ یەكێك بوو لە خانمە ئەكتەرە ناسراوەكانی ئەمریكا، بەشداریی چەندین فیلمی سینەمایی كردبوو، ھەروەھا بە یەكێك لە خانمە ئەكتەرە كۆمیدییەكانیش دادەنرێت، چونكە لە چەندین فیلم و درامای كۆمیدیدا ڕۆڵێكی باشی بینیوە.

ئەو خانمە ھونەرمەندە خاوەنی چەند گۆرانییەكی تایبەتیی خۆیشی بوو، جگە لەو كارە ھونەرییانەشی، لە تەمەنی گەنجیدا یەكێك بووە لە خانمە سەماكارە دیارەكانی ئەمریكا.

دیارترین ئەو فیلمە سینەماییانەی كارۆل چانینگ ڕۆڵی تێیاندا بینی بوو، بریتین لە: ئەلیس ئین وۆندەرلاند، پەید ئین فوڵ و سكیدوو.



AM:10:12:16/01/2019