هەولێر...پۆلیسی كەسنەزان و گروپێكی ماددەی هۆشبەر رووبەڕووی یەكتر بونەوە

لەهەولێر باندێكی بەكارهێنەر و كڕین و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر دەستگیركران و لەكاتی دەستگیركردنیشیاندا رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزەكانی پۆلیس و تۆمەتبارەكاندا روویداوە..

هۆگر عەزیز، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لەگرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لەپەیجی فەیسبوكی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان رایگەیاند، ئەمڕۆ هێزەكانی بنكەی پۆلیسی كەسنەزان لەگەڵ گروپێكی ماددەی هۆشبەر رووبەڕووی یەكتر بونەتەوە كە لەماڵێكدا جۆرەها ماددەی هۆشبەریان بەكارهێناوە و كڕین و فرۆشتنیان پێوەكردوە. 

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر وتیشی "لەكاتی دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارانەدا، دەستبەسەر چەندین جۆری ماددەی هۆشبەر و پارچە چەك و مۆبایل و كەلوپەلی دیكەدا گیراوە، لەنێویشیاندا دەفتەرێك هەیە كە ناو و ژمارە مۆبایلی ئەو كەسانەی تێدایە كە ماددەی هۆشبەریان لەو گروپە كڕیوە".

ئەوەشی وت "تۆمەتبارەكان پێشتر چەندینجار سەردانی وڵاتانیان كردوە، ئەوەش بەپێی ئەو ڤیزایانەی لەپاسپۆرتەكانیان دراوە".

رائید شاخەوان لێپرسراوی بنكەی پۆلیسی كەسنەزانیش رایگەیاند، لەكاتی گەیشتنی هێزەكانیان بۆ سەر ئەو ماڵەی کە گروپێكی مادەی هۆشبەری تێدا بووە، یەكێك لەتۆمەتبارەكان بەچەكی كڵاشینكۆف تەقەی لەهێزەكانی پۆلیس كردوە و هەڵاتووە، بەڵام تۆمەتبارەكانی دیكە دەستگیركراون كە یەكێكیان ژنە.


PM:04:03:21/01/2019