بڕیار لەسەر مووچەی هەردوو مانگی ١١ و ١٢ ساڵی پار درا

وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەڕێوەبەری گەنجینەكان كۆدەبێتەوەو بڕیاردەدات لەمانگی 2 و 3ی ئەمساڵ، موچەی دوو مانگی ساڵی ڕابردوو دابەشبكرێت، بۆ گۆڕانكاریكردنیش لەسیستمی موچە، چاوەڕوانی دوا بڕیاری بەغدا دەكات، لەسبەینێشەوە.

ئەمڕۆ 21ی 1ی 2019، بەڕێوەبەری گەنجینەكانی هەرێم، لەگەڵ ڕێباز حەملان وەزیری دارایی كۆبونەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەناو كۆبونەوەكەوە بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیەندراوە، وەزیری دارایی ڕایسپاردوون بەهەمانشێوەی مانگەكانی پێشوو، لیستی موچەی مانگی 11ی ساڵی 2018 ئامادەبكەن و لەمانگی 2ی ئەمساڵ دابەشدەكرێت، موچەی مانگی 12ش لەمانگی 3 دەدرێتە فەرمانبەران و جەختیشیكردۆتەوە، هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا ناكرێت.

هەر بەگوێرەی زانیارییەكان، لەكۆبوونەوەكەدا باس لەوەكراوە لابردنی پاشەكەوت و ڕێككردنەوەی موچەی فەرمانبەران پەیوەستە بەناردنی بودجە لەبەغداوە، ئەگەر حكومەتی عیراق پارە ڕەوانە بكات و ڕێكەوتن لەگەڵ هەرێم بكرێت، گۆڕانكاری لەشێوازی دابەشكردنی موچەدا لەبەرژەوەندی فەرمانبەران دەكرێت، بەڵام ئەگەر پارە لە بەغداوە نەنێردرێت،  شێوازێكی دیكە بەخۆوە دەبینێت و میكانیزمێكی بۆ دیاریدەكرێت.

سەبارەت بەپێشینەی فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتیەكانی حكومەت، ئاشكراكراوە كە لەسبەینێ-ەوە، بەهەمانشێوەی ساڵی ڕابردوو دەست بەپێدانی پێشینەی فەرمانگەكان دەكرێتەوەو دەتوانن سەردانی بانكەكان بكەن بۆ وەرگرتنی پێشینەكانیان.

وەک ماڵپەرەکە ئاشکرا دەکات لەكۆتایی كۆبونەوەكەشدا، ڕێباز حەملان بەبەڕێوەبەری گەنجینەكانی ڕاگەیاندوە، نابێت هەواڵی دابەشكردنی موچە بدرێتە ڕاگەیاندنەكان و هەر بەڕێوەبەرێكی گەنجینەش زانیاری لەوبارەیەوە بخاتەڕوو، ڕێكاری پێویستی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.



PM:11:13:21/01/2019