وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاشكرای كرد كە ئەگەر بەغدا ٣١٧ ملیار دینارەكەی سێ مانگی یەكەمی ٢٠١٨ بەسەر یەكەوە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، ئەوا سێ مووچە بەسەر یەكەوە دابەش دەكەن.
لەبارەی ئەو ٣١٧ ملیار دینارەی كە لە مانگی ٤ی ٢٠١٨ەوە عێراق مانگانە بۆ هەرێمی كوردستانی ناردووە و مانگەكانی ١ و ٢ و ٣ نەیناردووە، ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ڕۆژنامەی "زەمەن"ی نزیك لە بزووتنەوەی گۆڕانی ڕاگەیاندووە "داوامانكردووە بەسەر یەكەوە پارەكەمان بۆ خەرج بكرێت، ئەگەر درا، مانگانە یەكێك لە مووچەكانی ١١ و ١٢ خەرج دەكەین، ئەگەر هەر ٣١٧ ملیاری سێ مانگەكە بەسەر یەكەوە ڕەوانە كرا، ئەوا هەر سێ مووچەكە بەسەر یەكەوە دەدەین".
لە بارەی كۆتاییهێنان بە پاشەكەوتی مووچەشەوە ئاشكرای كردووە "ئەگەر پشكی هەرێم لە بودجەی ٢٠١٩ بەو ٥٢٠ ملیار دینارە جێگیر كرا و مانگانە ئەو بڕە پارەیە گەیشتە هەرێم، ئەوا ڕاستەوخۆ پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران لادەبرێت".