دوو هونەرمەندە ناسراوەكە جەنگی ساردیان لە دژی یەك ڕاگەیاند

دوای ئەوەی لە ڕاگەیاندنەكان بڵاوكرایەوە كە هەردو ئەستێرەی هۆلیود براد پیت و چارلیز پیرۆن لە پەیوەندی خۆشەویستیدان ، ڕۆژنامەكان ئاشكرایان كرد كە لە ئێستادا "جەنگی سارد" لە نێوان چارلیز پیرۆن و ئەنجەلینا جۆلی ژنی پێشوی براد پیت دروست بوە.

ڕۆژنامەی زە سەنی بەریتانی لە زمانی ماڵپەڕی ڕادار ئۆنلاینەوە كە ماڵپەڕێكی تایبەت بە كەسایەتیە بەناوبانگەكانە ئاماژەی كردوە بە بونی ڕكابەری لە نێوان ئەم دوو خانمە ئەكتەرە بە درێژایی چەندین ساڵ بۆ وەرگرتنی ڕۆڵ لە فیلمەكانی هۆلیود.

ماڵپەرەكە ڕایگەیاندوە كە كۆتا ڕكابەریان لەسەر وەرگرتنی ڕۆڵی بوكی فرانكشتاین بوو كە فیلمێكی گەورەیە و لە ساڵی ٢٠١٧ ەوە قسەی لەسەر دەكرێت و تا ئێستا تەواو نەبوە.

سەرچاوەیەك ڕایگەیاندوە كە كۆمپانیای یونیڤێرسال كە فیلمەكە بەرهەم دێنێت ئەنجەلینا جۆلی هەڵبژاردوە بۆ ڕۆڵەكە بەڵام ئەنجەلینا بە ئەنقەست ڕازی بونەكەی درێژ كردۆتەوە و ڕاستەوخۆ بڕیاری نەداوە بەشدار بێت و ئەمەش وای كردوە كە چارلیز پیرۆن لە چاوەڕوانی وەڵامدا بێت.

هەروەها ماڵپەڕی ڕادار ئۆنلاین ڕایگەیاندوە كە ئەنجەلینا جۆلی پێدەچێت خۆشی ببینێت لە ڕێگری كردن لە بەرەو پێشچونی پیرۆن و پیرۆنیش دڵنیایە لەوەی كە ئەنجەلینا هاتۆتە ناو پڕۆژەكە تەنیا بۆ ئەوەی ڕێگری بكات لە هەڵبژاردنی پیرۆن.

لەم دواییەدا چەند هەواڵێك بڵاو كرایەوە كە پیرۆن پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ براد پیتی مێردی پێشوی جولی دا هەیە و ئەمەش دژایەتی كردنی نێوان ئەم دوو خانمە ئەكتەرە قوڵتر دەكاتەوە.



AM:11:38:22/01/2019