ئەو پزیشکەی هێرشکرایە سەری هەرێمی جێهێشت

ئەو پزیشکەی لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی هێرشی کرایەسەر، هەرێمی کوردستانی جێهێشت.

لە نامەیەکی دەنگیدا بەختیار ئەمین، پزیشکی پسپۆڕی ئێسک و شکاوی دەڵێت، "لەلایەن ئەو کەسانەوە کە هێرشیان کردەسەرم و لێیاندام، هەڕەشەی جددیم لێکراوە و بەوهۆیەشەوە هەرێمی کوردستانم جێهێشتووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ماوەیەکی کورت چووەتە ئەوروپا بۆ ئەوەی سکاڵای یاسایی دژ بەو کەسانە تۆمار بکات کە هێرشیان کردەسەری و لە داهاتوودا لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەگەڕێتەوە سلێمانی.

بەختیار ئەمین سوپاسی ئەو کەسانەش دەکات کە بەوتەی خۆی پشتگیرییان کردووە و رایانگەیاندووە، بە هەموو توانایەکیانەوە ئامادەن پارێزگاری لێ بکەن.

شەوی شەممە لەسەر یەکشەممەی رابردوو و لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردە سەر بەختیار ئەمین بارام پزیشکی پسپۆڕی ئێسک و شکاوی و برینداریان کرد.


PM:12:28:23/01/2019