خۆپیشاندان دەستیپێکرد رێگای سەرەکی نێوان هەولێر- دهۆک داخرا

کەمێک پێش ئێستا خۆپیشاندانێکی بەرفراوان لە کۆمەڵگای چرە-ی سەر بە شارۆچکەی شێخان دەستیپێکرد.

سەرچاوەیەک لە نێو خۆپیشاندانەکە کە نەیویست ناوی ئاشكرا بکرێت بە "سپی" راگەیاند، خۆپیشاندانەکە لەلایەن ژمارەیەک لە خاوەن زەوییەکانی کۆمەڵگای چرەی سەر بە شارۆچکەی شێخان رێکخراوە، ئەوەش بەهۆی زەوتکردنی زەوییە کشتوکاڵیەکانیان، کە لەلایەن ئاغاکانی ناوچەکەوە بە شێوەیەکی نهێنی زەویی لەسەر خۆیان تاپۆیان کردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، خۆپیشاندەران داوادەکەن کە زەوییەکانیان بۆ بگێڕدرێتەوەو خۆپیشاندانەکەش تا ئێستا بەردەوامی هەیە.

بە وتەی سەرچاوەکە، بەهۆی خۆپیشاندانەکەوە رێگای سەرەکی نێوان هەولێر- دهۆک لە کۆمەڵگای چرە داخراوەو ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێل لەسەر رێگاکە گیریان خواردووەو تا ئێستاش هێزە ئەمنییەکان نەیانتوانیوە بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکەن و رێگاکە بکەنەوە.





PM:03:21:23/01/2019