وەزیری دارایی عێراق: موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە گەرەنتیەو لەلایەن بەغداوە دەدرێت

 وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند ،لەپڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی کوردستان زامن کراوەو لەلایەن بەغداوە دەدرێت.

فوئاد حوسێن کە سەرۆکایەتیی شاندی عێراق دەکات لە کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەردەوام لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە پەیوەندیداین و ئەو خاڵەمان داناوە کە گەرەنتی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بکرێت، لیژنەی دارایی پەرلەمانیش گفتوگۆی لەبارەوە دەکات، چونکە پەیوەندی بە پرسە سیاسییەکانەوە هەیە.

هاوکات دڵنایی دایە خەڵکی کوردستان، کە مووچە گەرەنتییە و دەدرێت، وتیشێ ئەگەر خاڵی دیکەش بۆ پڕۆژەیاسای بودجەکە زیادبکەن جارێ زانین، چونکە پەرلەمان لە کۆبوونەوەدایە، بەڵام ئەگەر مادەی دیکەش بهێننە پێشەوە ئەوا مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە هەر دەدرێت و گەرەنتییە.

د. فوئاد حوسێن لەبارەی مووچەی سێ مانگی فەرمانبەرانی کوردستان وتی"لەبەرئەوەی لە مانگی 4ی ساڵی 2018ـەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتن کرا و بڕیاریدا مانگانە 317 ملیار دینار بۆ کوردستان بنێرێت، بۆیە مووچەی سێ مانگی سەرەتای ساڵەکە نەنێردراو، ئێستاش ئەو پرسە پێشنیازکراوە، دەبێ گفتوگۆ بکەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن مووچەی ئەو سێ مانگەش بدەین و پشتیوان بە خودا چارەسەر دەبێت".



PM:06:41:23/01/2019