وێنە.. وێنەیەکی نەبینراوی تاڵەبانی و هەردوو کوڕەکەی بڵاودەکرێتەوە

وێنەیەکی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتی یەکێتی تاڵەبانی و هەردوو کوڕەکەی بافڵ و قوباد تاڵەبانی بڵاودەکرێتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە٤٠ ساڵ لەمەوپێش.

لەوێنەکەدا کە لەئەکاونتی بافڵ تاڵەبانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاوکراوەتەوە پێدەچێت لەو کاتەدا بێت کە لە ماڵەوە بن، تاڵەبانی دەستێک بیجامەی شینی لەبەردایەوە لەبن باڵێکی بافڵ دانیشتووەو لەبن باڵەکەی تریدا قوباد تاڵەبانی.

 جەلال تاڵەبانی،  ناسراو بە مام جەلال لە١٢ی تشرینی دووەمی  ١٩٣٣ لەدایکبووە دامەزرێنەرو سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە تا ساڵی ٢٠١٧ کە کۆچی دوایی کرد.  تاڵەبانی لە ٦ی نیسان دوای ھەڵبژاردنی لەلایەن کۆمەڵەی نیشتمانیی عێراقەوە لە ٢٠٠٥ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقی پێدرا و لە ٢٤ی تەممووزی ٢٠١٤ کۆتایی بە پۆستەکەی ھات و بەیەکەم سەرۆکی کورد لە مێژووی سیاسی عێراقدا دادەنرێت کە پۆستی سەرۆکی وڵات لە ئەستۆ بگرێت، لەرێگای هەڵبژاردنەوە.
 
لەوێنەکەدا بافڵ تاڵەبانی کە کوڕە گەورەی ناوبراوە دەردەکەوێت، ئەو لە ژیانی سیاسیدا دەستی بەدروستکردنی دەزگای دژەتیرۆری یەکێتی کردو ئێستا وەک نوێنەری بنەماڵەی تاڵەبانی بەشداری کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە دەکات. ژیانی هاوسەری پێکهێناوە لەگەڵ کچێکی مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی.

قوباد تاڵەبانی کە کوڕە بچووکی جەلال تاڵەبانی یە لەدایکبووی ٢١ی تەمموزی ١٩٧٧ە، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان  بووە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، لەدوایشدا بە پلەی وەزیر، وەک وەزیری هەماهەنگی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری کردووە ، لە ئێستاشدا جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لە کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێم. ژیانی هاوسەری پێکهێناوەو هاوسەرەکەی خاتوونێکی بەرەگەز ئەمەریکی یە. 



PM:08:17:23/01/2019