ئەمڕۆ پێکهاتەی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی تەواودەکرێت

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ی کانونی دووەم ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ ته‌واوكردنی كابینه‌کەی عادل عەبدولمەهدی کۆببێتەوە.

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ ته‌واوكردنی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عیراق به‌ ئاماده‌بوونی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كۆببێته‌وه‌.

شەوی ڕابردووش ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩ کۆببوەوە تیایدا سەرجەم بڕگەو ماددەکانی پەسەند کران، بەڵام دەنگدان لەسەر کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی کەوتە ئەمڕۆ.

دوای کۆبونەوەکەی شەوی رابردوی پەرلەمان شێرکۆ میرەوەیسی پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق بە سپی راگەیاند" مادەیەکی گرنگ لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و لە پێش هەمووشیانەوە مووچەخۆرانی هەرێم و پێشمەرگە دەنگی لەسەر درا".

رونیکردەوە "مادەی ١٠ لە پرۆژە یاسای بودجە پەسەندکرا کە تایبەت بوو بە زامن کردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەریم و ھێزەکانی پێشمەرگە کە بڕکەیە دەکاتە زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دینار بۆ ھەر مانگێک".

میروەیسی وتیشی" هەتا ئەگەر هەرێم رۆژانە نەوتیش نەنێریت لە رێگای سۆمۆ، پرسی مووچەی مووچەخۆران و پێشمەرگە لەدەرەوەی ئەو کێشەیەو مانگانە هەرێم بڕی نزیکەی ٥٢٠ ملیار دیناری لە حکومەتی بەغداوە پێدەگات".
 


AM:10:19:24/01/2019