یەپەگە: دانوستانەکان لەگەڵ سوریا ئەرێنی بوون

سیپان حەمۆ فەرماندەی گشتی یەکینەکانى پاراستنى گەل یەپەگە ڕایگەیاندووە، حکومەتى سوریا کاردانەوەى ئەرێنى بووە بۆ دەستپێکردنەوەى دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە.

ئەو سەرکردەیەی یەپەگە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەى بەوەکردووە، کاردانەوەى حکومەتى دیمەشق لەبارەى دانوستانى نێوانیان ئەرێنی بووە و پێشبینیش دەکات دانوستانی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ حکومەتى سوریا دەربارەى داهاتووى ڕۆژئاواى کوردستان دەستپێبکات.

فەرماندەی گشتی یەپەگە ئومێدى بە ڕووسیاش خواست لە نێوەندگیرییەکانیان بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنێک لەگەڵ دیمەشق و پێشیوایە لە چەند ڕۆژى داهاتوودا دانوستانەکانیان لەگەڵ حکومەتى سوریا دەستپێدەکەنەوە، چونکە لەئێستادا هەوڵێک هەیە بۆ ڕێکارەکانى دانوستانکردن.

ئاماژەى بەوەشکردووە، بەهۆى هەبوونى شانەى نوستووى داعش ئەستەمە پلانى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا جێبەجێ بکرێت.

ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر ئەنجومەنی سوریای دیموکرات داوایکرد، حکومەتی سوریا ئامادەیی بۆ گفتوگۆکردن بکات بە کردار و دانوستانەکانیان دەستپێبکەنەوە.


PM:01:53:25/01/2019