" تا ئێستا بوودجەی عێراق پەسەند نەکراوە "

نزیکەی دە رۆژ بەسەر بڕیاردانی پەرلەمانی عێراق لەسەر پرۆژە یاسای بوودجە تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا لە پەرلەمانەو ئاراستەی سەرۆکی عێراق، د. بەرهەم ساڵح نەکراوە.

شیروان میرزا، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند " یاسای بودجە هێشتا لە پێداچوونەوەدایە و لە دوو رۆژی داهاتوودا دەنێردرێتە سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ ئیمزا لەسەركردن".

ناوبراو لە لێدوانە رۆژنامەوانییەکەیدا کە بە دوارۆژی راگەیاندووە "بەهۆی سەفەری محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بۆ بریتانیا ناردنی یاساكه‌ بۆ سەرۆكایەتی كۆمار دوادەكەوێت".

شیروان میرزا ئەوەشی ئاشكراكردووە" لە دوو یان سێ رۆژی داهاتوودا یاساكە رەوانەی سەرۆكایەتی كۆمار دەكرێت بۆ پەسەندكردنی.

رۆژی 24ی مانگی رابردوو په‌رله‌مانی عێراق بەئامادەبونی 287 پەرلەمانتار پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی 2019ی پەسەندكرد، یاسای بودجەی 2019 لە 52 مادە پێكهاتوە، مادەی 10 تایبەتە بەموچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان کە حکومەتی عێراقی ناچار کردووە مانگانە نزیکەی ٥٢٢ ملیار دینار بنێرێت بۆ هەرێم.
 



PM:08:42:02/02/2019