رانیە.. لەسەر مانگرتنی مولیدە ئەهلیەکان قائیمقام روونکردنەوە دەدات

مولیدە ئەهلیەکانی رانیە لەبەر کەمی ئەو نرخی ئەمپیرەی لە سلێمانیەوە دانراوە، هەڕەشە دەکەن، قائیمقامیش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە هەوڵدەدەن ئەگەر ئەوان مانیان گرت، کارەبا شەو نەکوژێتەوە.

لە روونکردنەوەیەکی قائیمقامی رانیە کە دانەیەکی دەست سپی کەوتووە، هاتووە"   كە پاش دەستنیشانكردنی نرخی ئەمپێری موەلیدە ئەهلیەكان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای پارێزگای سلێمانی ، خاوەن مۆلیدەكانی سنورەكەمان ناڕازیبوون بەرامبەر نرخی دیاریكراوو داوای نرخی زیاتریان دەكرد".

دەقی روونكردنەوەكە:

روونكردنەوەیەك لە قائیمقامیەتی قەزای رانیەوە
هاوڵاتیانی خۆشەویستی تەواوی سنوری قەزای رانیە ئاگادار دەكەینەوە كە پاش دەستنیشانكردنی نرخی ئەمپێری موەلیدە ئەهلیەكان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای پارێزگای سلێمانی ، خاوەن مۆلیدەكانی سنورەكەمان ناڕازیبوون بەرامبەر نرخی دیاریكراوو داوای نرخی زیاتریان دەكرد.
ئێمەش لە پێناو هاووڵاتیان و بۆ ئەوەی نەچینە ژێر ئەم بەرپرسیارییەتیە گەورەیە قبوڵی ئەو داواكاریەمان نەكردووە، بۆیە لە كاتی مانگرتنی مۆلیدەكان و نەبونی كارەبا هەوڵی تەواو دەدەین كە شەوان كارەبا نەكوژێتەوە تا كێشەكە چارەسەر دەكرێت.
بریاریشمانداوە هەركەسێك پابەندی یاساو ڕێنمایەكان نەبێت رێكاری ئیداری و یاسایی بەرامبەریان بگرینەبەر ، بۆ ئاگاداریتان.
لەگەڵ رێزدا
قائیمقامیەتی قەزای رانیە



PM:10:40:02/02/2019