پەرلەمانی عێراق رێگری لەکارێکی ترەمپ دەکات

 جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە وەڵامی لێدوانەکەی ئەمڕۆی ترەمپدا کە رایگەیاندبوو "هێزەكانیان بۆ چاودێریكردنی ئێران لە عێراق دەهێڵێتەوە" وتی ڕێگە نادەن خاكی عێراق بۆ دەستدرێژیكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەكاربێنێت.

حەسەن كەعبی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە  پەرلەمانی عێراق ڕێكەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئەمریكا هەڵدەوەشێنێتەوە، بەمەش كۆتایی دێنن بە هەبوونی هێزەكانی ئەمریكا و راوێژكاران و راهێنەرانی سەربازیی ئەمریكا لە عێراق.

وتیشی، لێدوانەكەی ئەمڕۆی ترەمپ سنووربەزاندنێكی ئاشكرای تێدا بوو بەرانبەر سەروەری خاكی عێراق و پێشێلكردنی دەستووری عێراق بوو، بە تایبەتی كە لە دەستووردا دووپات كراوەتە ڕێگە نادرێت خاكی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی تر بەكاربهێندرێت.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، كە ئەمە دووەم جارە ترەمپ سەروەری عێراق پێشێل دەكات، کەمەبەستی لە سەردانەكەی چەند مانگی رابردووی ترەمپە بۆ بنكە سەربازییەكەی وڵاتەكەی لە پارێزگای ئەنبار، كە هەندێك لایەن بە پێشێلكردنی سەروەریی عێراقی لێکیان دابووەوە.


ئه‌م بابه‌ته ‌1010 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:32:03/02/2019