هونەرمەندێکی بەناوبانگی تورکیا بە هاوکاریکردنی پەکەکە تۆمەتبار دەکرێت

مه‌حسون قرمزیگول گۆرانیبێژ و ئەکتەری ناوداری تورکیا  تۆمەتی لایەنگر و هاوکاریکردنی پەکەکە دەخرێتە پاڵی و رەتیدەکاتەوە 

بەگۆی نمایشکردنی فلمێکی ماحسون بەناوی وەزیر پارماغی "پەنجەی وەزیر" کە لەئێستادا لە سینەماکانی تورکیا نمایش دەکرێت، تۆمەتی هاوکاریکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) خراوەتە پاڵی و دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە، کە پارەو داهاتی فلمەکەی بۆ هاوکاریکردنی پەکەکە تەرخان دەکات.

 
لەبارەی ئەو دەگۆیانەوە هونەرمەند مەحسون لە روونکردنەوەیەکدا رەتیدەکاتەوە هاوکاری ماددی پەکەکە بە داهاتی فیلمەکەی بکات و دەڵێت"ئەوە دوورە لە ڕاستییەوە و پارەی بلیتی فلمەکەم بۆ پەکەکە نییە، من لایەنگری پەکەکە نیم تەنها لایەنگری ئاشتیم".

ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێشتریش کاتێک کە سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە لەگەڵ ئاڵای کوردستان وێنەی گیراوەو بڵاوکراوەتەوە، بەوهۆیەوە بەهەمانشێوە بەلایەنگری پەکەکە تۆمەتبارکراوە و وابڵاوکراوەتەوە کە لەگەڵ ئاڵای پەکەکە وێنەی گرتووە، لەکاتێکدا ئەوە ئاڵای حکومەتی هەرێمی کوردستانە".


PM:10:06:03/02/2019