ئەمەریکا سوپاسی هەسەدە دەکات

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پـێزانینی هەیە بۆ ئەو کارانەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەنجامیان داوە لە بری هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش داواش لە وڵاتان دەکات ئەو هاوڵاتییانەیان ببنەوە کە چەکداری داعش بوون و لە لایەن "هەسەدە"وە دەستگیرکراون.

لە ڕاگەیاندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پـێزانینی هەیە بۆ ئەو کارانەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەنجامیان داوە لە بری هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش. هاوکاتی ئەوەی بە ئازایەتی و سووربوونی خۆیان ناوچەکەیان لە داعش ڕزگارکرد، بە سەدان چەکداری بیانی تێرۆستیشیان دەستگیرکردووە کە خەڵکی دەیان وڵاتانی جیهانن. بە تێکۆشانی ئەوان ئێستا داعش لاوازبووە و بەردەوامە لە لاوازبوون و لەگەڵ ئەوەشدا جیهان زیاتر پارێزراوبووە".

ڕوونیشیکردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕووبەڕووی دوژمنێکی دڕندە دەبوونەوە، بەڵام وابەستەیەکی ڕوون و ئاشکرایان هەبووە لە دەستگیرکردنی هەر تاکێکی ئەوانە بە سەلامەتی و بە شێوەیەکی مرۆیـیانە.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوا لە وڵاتانی دیکە دەکات ئەم هاوڵاتیانەی خۆیان کە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەسـتگیریان کردوون بیانبەنەوە و دادگایـیان بکەن، وە ستایشی هێزەکانی سوریای دیموکرات بکەن بۆ ئەو هەوڵە بەردەوامانەی دەیدەن لە پـێناو گەڕاندنەوەی ئەو چەکدارە تێرۆرستانە بۆ وڵاتانی خۆیان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاشیگەیاندووە، "سەرەڕای ڕزگارکردنی ناوچەکانی داعش کۆنترۆڵی کردبوون لە عێراق و سوریا، بەڵام هێشتا داعش جێی هەڕەشەیەکی گەورەیە، بۆیە کاری بە کۆمەڵ زۆر پـێویستە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشەیە کە جێی مەترسیـیە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی".

ئەم داوای ئەمریکا لە کاتێکدایە، چەندینجار هێزەکانی سوریای دیموکرات داوایان لە وڵاتان کردووە ئەو هاوڵاتیانەی خۆیان کە دەستگیرکراون ببنەوە، و بوونەتە بارێکی گران بەسەر شانیانەوە.


AM:09:24:05/02/2019