سپی ناوی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی نوێی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرا دەکات

بڕیارە لە ١٨ ی ئەم مانگەدا پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەی خۆی بکات و سەرۆک و دوو جێگر هەڵبژێردرێت بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، سپی ناوی کاندیدەکانی یەکێتی و پارتی بۆ ئەو دوو پۆستە بڵاودەکاتەوە.

بڕیارە رۆژی ١٨ ی شوبات پەرلەمانی کوردستان جارێکی تر کۆبێتەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی پەرلەمان کە دەدرێت بە یەکێتی و دوو جێگر کە یەکێکیان پشکی پارتی دەبێت و، ئەوی تریان دەدرێت بە تورکمان، سپی ناوی کاندیدەکانی یەکێتی و پارتی بڵاودەکاتەوە.

بەپێێ ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، سەرۆکی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان ژن دەبێت و لە یەکێتی دەبێت، بەپێی زانیاریە بەراییەکان هەریەک لە ڕێواس فایەق و بێگەرد تاڵەبانی کاندیدی ئەو پۆستەن، بەڵام تا ئێستا لەلایەن مەکتەبی سیاسی یەکێتی و سەرکردایەتی ئەو حیزبەوە ناوی کەسیان یەکلایی نەکراونەتەوە، ئەوا لە کاتێکدا کە دەنگۆی ئەوە لە ئارادایە کە هەردووکیان وەک بەربژێری یەکێتی بخرێنە ناو کۆبوونەوەی پەرلەمانەوە تا لەناو لیستە جیاجیاکانی پەرلەمان بڕیاری لەسەر بدرێت.

هەرچی جێگری سەرۆکی پەرلەمانە کە پشکی پارتی دەبێت، بەپێی زانیاریەکانی سپی، ئەو پۆستە لای پارتی یەکلایی بۆتەوەو هێمن هەورامی سەرۆکی لیستەکە و ئەندامی سەرکردایەتی پارتی کاندیدی، ئەو حیزبەیە بۆ ئەو پۆستە.

هەرچی جێگری دووەمە دەدرێت بە نوێنەری تورکمانەکان، بەڵام تا ئێستا یەکلایی نەبۆتەوە کە دەدرێت بەکام لیست لە تورکمانەکان و کێ کاندید دەکرێت.



PM:09:01:06/02/2019