بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی سکاڵا لە دژی چەند کۆمپانیایەک تۆماردەکات

بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی رایگەیاند، ئاوی سلێمانی پاکەو هیچ کێشەیەکی نییە، سكاڵاش لە دژی هەموو ئەو كۆمپانیایانە تۆمار دەكەن كە لە خۆیانەوە دەڵێن ئاوی سلێمانی پاك نییە‌.

سەربەست عوسمان، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی،لە لیدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "سكاڵای یاسایی دژی هەموو ئەو كۆمپانیایانە تۆمار دەكەین كە لەخۆیانەوە ‌و بەبێ‌ بەڵگە دەڵێن ئاوی سلێمانی پاك نییە ‌و بۆ خواردنەوە نەشیاوە.

وتیشی، پێشتر سکاڵایان لەسەر کۆمانیایەک تۆمارکردووەو لەسەر داوای ئەوان، لەلایەن قایمقامیەتی سلێمانییە‌وە دراوەتە دادگا ‌و چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەكەن، چونكە ناكرێت كۆمپانیایەك لەپێناو فرۆشتنی ئامێرەكانی تۆمەتبارمان بكات بەوەی ئەو ئاوەی دابەشی دەكەین پاك نییە".

سەربەست عوسمان رونیشیکردەوە، بۆ دڵنیابوون لە خاوێنی ئەو ئاوەی دابەشی دەكەن، قسەی دوو لایەن بۆ ئەوان زۆر گرنگە، ئەوانیش بەڕێوەبەرایەتییەكانی ژینگە‌ و تەندروستییە، چونکە بەردەوام بەدواداچوون بۆ خاوێنی ئاو دەكەن، هەر كاتێك ئەوان قسەیان هەبوو ئێمە بەدواداچوون دەكەین و دابەشكردنی ئاو رادەگرین، بەڵام ناكرێت كۆمپانیایەك یان چەند كۆمپانیایەك بۆ بەرژەوەندی خۆیان لە خۆیانەوە قسە لەسەر ئاوی سلێمانی بكەن".



PM:12:20:09/02/2019