یەکێتی ئەو پۆستانە ئاشکرا دەکات کە لە پەرلەمانی کوردستان وەریدەگرێت

وتەبێژی یەکێتی دوای لە کۆبونەوەی ئەمرۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتی کە لەسەر رێككەوتنی سیاسی بۆ پێكهێنانی حكومەت گفتوگۆی كرد  رایگەیاند پێكهێنانی حكومەت دەستپێدەكات وپارێزگاری نوێ بۆ كەركوك دادەنرێت و پارێزگارەكەش یەكێتی دەبێت.

ئەمڕۆ شەممە ٩ی شوبات، سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای کۆبونەوە مەکتەبی سیاسی حزبەکەی رایگەیاند، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا باس لە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی کراوە، کە چەندین تەوەری تایبەت بە هەرێمی کوردستان و کەرکوک و عێراقی لەخۆگرتوە.

وتیشی، لە رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتیدا پرسی دارایی و سیاسی و ئەمنی هەرێمی کوردستان و کەرکوک و بەغدا باسکراوە، بەڵام هێشتا دیارنییە ئاخۆ رێککەوتنەکە بۆ چوار ساڵ دەبێت یان زیاتر، ئەوەش لە کۆبونەوەی داهاتو یەکلایی دەکرێتەوە.

سەعدی پیرە راشیگەیاند، "پرسی دووەم لە ناو بەرنامەی سیاسیەکەی پارتی و یەکێتیدا  یەکخستنی هەڵوێستی هەردولایە بەرامبەر بە عێراق و وڵاتانی دراوسێ و جیهان و نابێت چیتر هەرلایەک هەڵوێستی جیاوازی هەبێت، هەروەها پرسێکی دیکەی ناو رێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی هێزی پێشمەرگەو یەکخستنی ئەو هێزەیەو دەبێت جوڵەپێکردنی ئەو هێزە لە چوارچێوەی یاسادا بێت و بە رەزامەندی پەرلەمانی کوردستان بێت".

سەعدی پیرە لەبارەی شوێنی کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگاری کەرکوک رایگەیاند ، تا ئێستا شوێنی کۆبونەوەکە دیارنیە و دیارکردنی شوێنی کۆبونەوەکە لە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا نیە و ئەنجومەنەکە ئەو پرسە یەکلایی دەکاتەوە. 

لەبارەی پشکی یەکێتی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرە رایگەیاند، حزبەکەی پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وەردەگرێت.

لەبارەی بە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، وتی"لەگەڵ گۆڕان دەرچووی یەک خوێندنگەین بۆیە پەیوەندیەکانمان زۆر ئاسایین".

وتەبێژەکەی یەکێتی راشیگەیاند "دەبێت لە کابینەی نۆیەمدا پرسی دەسەڵاتی دادوەری گۆڕانکاری تێدا ئەنجامبدرێت چونکە ئەو دەسەڵاتە تاکلایەنانە حوکمدەکرێت و قۆرخکراوە".


 


PM:01:54:09/02/2019