کازم ساهر روونکردنەوەیەک لەسەر گۆڕینی ناوەکەی بڵاودەکاتەوە

هونەرمەندی گۆرانیبێژی عێراقی كازم ساهر روونكردنەوەیەكی تۆماركراوy بەدەنگی خۆی بڵاوكردەوە لەسەر ئەو مشتومڕەی لەسەر ناوەكەی چەند رۆژێكە پەیجەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی گرتووەتەوە.

كازم ساهر لەوبارەیەوە لە روونكردنەوەكەدا كە 2 خولەك ناخایەنێت دەڵێت" خۆشەویستانم پەیجەكانی تۆڕی كۆمەڵایەتی هەواڵێكییان لەسەر گۆڕینی نازناوەكەمەوە گواستووەتەوە، منیش بەهۆی نزیكییم لێتانەوە بە باشم زانی خۆم روونكردنەوەی بۆ بدەم".

هەروەها دەشڵێت" لەقەیدی گشتی ناوم كازم جەبار ئیبراهیم ئەلسامەڕاییە، لە ناسنامەی باری شارستانیشدا ناوم ئیبراهیم جەبار ئیبراهیمە، لە نوسراوە رەسمییەكانی دەرەوەشدا ناوم كازم جەبار ئەلساهرە، واتە هەردوو ناوەكە وەكو یەك نەبوون و كێشەكە زۆر زۆر گەورەیە و نامەوێت بە وردی بۆتان باس بكەم، بەڵام نزیكەی ساڵێك نووسراوەكانم لە دەرەوەدا راگیراوە بەهۆی یەك نەبوونی ناوەكان، تەنانەت داوام لە باڵیۆزخانەی عێراق كرد نووسراوێك بكەن كە بیسەلمێنن كازم جەبار ئیبراهیم هەمان كازم جەبار ساهرە، بۆیە پەیوەندییم بە پارێزەرەكەمەوە كرد و داوای راوێژی یاساییم لێكرد، چارەسەر ئەوەیە كە ئەلساهر بخرێتە پاڵ كازم جەبار ئیبراهیم، ساهریش ئەوە 30 ساڵ دەبێت لە ناوبانگم لەگەڵمدایە، ئەم مەسەلەیە تەنها حبر خستnە سەر كاغەزە".

كازم ساهر بەهێمنییەوە دەڵێت"من هیچ مەبەستم سووكایەتییەك نییە و لەبیریشم ناچێت كە لەكوێوە هاتووم، لە وادی حەجر لە مووسڵ و مەدینەی حوڕییە، من  كوڕی سەید جەبار و نورییە عەلییم، من كازم جەبار ئیبراهیم سامەڕایی بووم بەدڵ و روح و هەرواش دەمێننمەوە و شانازی بەعەشیرەتی خۆم و هەموو عەشیرەتەكانی عێراقەوە دەكەم، من رۆڵەی عێراقم و بەشانازییەوە ئەمە دەڵێم و شەرەفمەندم كە ئەو گرنگییەتان پێدام، داوای لێبوردن دەكەم ئەگەر ئەم مەسەلەیە ئازاری بە هەركەسێك گەیاندبێت، ئەوەی هەیە تەنها حبر خستنە سەر كاغەزە و راستییەكە ئەوەیە كە من رۆڵەی عێراقم"



PM:02:25:09/02/2019