نهێنیەکی کۆبوونەوەی عادل عەبدولمەهدی‌و نێچیرڤان ئاشکرا بوو
هەرێم نەوت لەرێگای سۆمۆوە نانێرێت

رۆژی پێنج شەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت بەسەردانێک گەیشتە بەغداو لەگەڵ عەبدولمەهدی سەرۆک کۆماری عێراق کۆبووەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی راگەیاندووە کە هەرێم ئەمساڵیش نەوت لە ڕێگای سۆمۆوە نانێرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند " ئەو سەردانەی کە نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغداکردی و بەتایبەتی لەگەڵ د. عادل عەبدولمەهدی کۆبووەوە، بۆ دوو مەبەستی تایبەتی بووە، یەکێکیان دۆسیەی ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بووە، پرسی دووەمیشیان بۆ دۆسیەی نەوت بووە".

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، نێچیرڤان بارزانی بە د. عادل عەبدولمەهدی راگەیاندووە کە ئەمساڵیش هەرێم لە رێگای سۆمۆوە نەوت نانێرێت .

ئەحمەدی حاجی رەشید پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی " سپی " رایگەیاند " ئەگەر هەرێم پابەند بێت بەو بڕگەیەی یاسایی بودجەی عێراقە بۆ ساڵی ٢٠١٩ کە داوا لەهەرێم دەکات رۆژانە بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیل رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، لەو حاڵەتەدا پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩ دەگاتە ١٠ ترلیۆن و ٨٠٠ ملیار دینار".

ئەو پەرلەمانتارە کوردە کە دوو خوولە پەرلەمانتاری لیژنەی داراییەو پسپۆرە لەو بوارەدا وتی "لەم حاڵەتەدا یەک بەرمیل نەوتی هەرێم وەک ئەوە وایە فرۆشرابێت بە ١١٨ دۆلار". ( یەک بەرمیل نەوت لەمڕۆدا بە ٦١ دۆلار).

ئەحمەدی حاجی رەشید ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت بەو مادەیەی یاسایی بوودجەوە، لەو کاتەدا حکومەتی عێراق بەکۆی ئەو پارەیەی مانگانە بە پشکی پێشمەرگەشەوە دەینرێت بۆ هەرێم ٥٢٢ ملیار دینار دەبێت.

ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئەم هەڵوێستەی هەرێم کە ئامادەنییە رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات، بەو شێوەیە راڤە دەکات، کە ئەم هەڵوێستەی هەرێم لە دوو ئەگەرەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەگەرێکیان هەرێم بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی چەند ساڵی ڕابردوەوە تیایدا دەژی، نەوتەکەی پێش دەرهێنانی فرۆشتووەو پارەکەی پێشوەخت وەرگرتووەو، ئێستا کەوتۆتە ژێر قەرزێکی گەورەوەو دەبێت بیداتەوە، یان ئەگەری دووەمە کە حکومەتی هەرێم ناتوانێت دەست لەو گرێبەستانە هەڵبگرێت کە لەگەڵ کۆمپانیاکان واژووی کردووە، چونکە دەست لێهەڵگرتنی لەرووی یاساییەوە نەگونجاوەو رەنگە کۆمپانیاکان داوایی یاسایی لە دادگا  نێودەوڵەتییەکاندا تۆمار بکەن و داوای قەرەبووکردنەوە بکەن.  

  
رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 7/2/2019 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عیراقی فیدرال تاوتوێ كران و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیی بره‌ودانی زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌ هه‌موو بواره‌كاندا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ چواچێوه‌ی ده‌ستووری عیراقدا، كرده‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا د. فوئاد حسێن جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری دارایی، سامر غه‌زبان جێگری سه‌رۆك وه‌زیرن و وه‌زیری نه‌وت، فالح فه‌یاز ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و كه‌ریم سنجاری وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوون. 



ئه‌م بابه‌ته ‌6992 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:10:35:09/02/2019