وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی دامەزراندنەوە ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە

نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئابووری و وەزیری دارایی عێراق، چەند هەواڵێك رەتدەكاتەوە و لەبارەی دامەزراندنی نوێ ڕوونكردنەوە بڵاودەكاتەوە.

نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئابووری و وەزیری دارایی عێراق ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاندووە "ژمارەیەك سایت وپێگەی ئەلیكترۆنی ودەزگای میدیایی هەواڵێكیان بڵاوكردووەتەوە گوایە وەزارەتی دارایی عیراق هەموو جۆرە دامەزراندنێكی لەچوارچێوەی بودجەی گشتی ساڵی 2019 راگرتووە. بەڵام ئەم هەواڵە دوورە لە ڕاستی و لە دوای دەرچوونی یاسای بودجە و لە رۆژی دووشەمە 11/2/2019ـەوە دوای وەرگرتنی دوایین درافتی یاساكە، هەموو وەزارەت ودەستە وفەرمانگەكانی پارێزگاكان و ئەنجوومەنەكانیان راسپێردراون بەجێبەجێكردنی بەندەكانی".

لە روونكردنەوەدا هاتووە "جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی، داوایەكی ئاراستەی هەموو وەزارەت ودەستە وپارێزگا وئەنجومەنەكانی پارێزگاكان كرد بە پابەندبوون بە دەقی ئەم یاسایە و رێنماییەكانی جێبەجێكردنی بودجە بەتایبەتی لەڕووی دامەزراندن و راگەیاندنی پلەی وەزیری تازەوە".



PM:03:11:10/02/2019