فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، هێزی زیاتریان رەوانەی سنوری سوریا کردوە و چەکدارانی داعش ناتوانن دزەبکەنە ئەو ناوچانەی پارێزراون.
یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق سنورەکانی توندوتۆڵکردووەو رێگری لە دزەکردنی چەکدارانی داعش دەکات لەکاتی دەستپێکردنی هێرشەکانی هەسەدە دژ بە داعش.
وتیشی، هەمانەنگیان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا هەیە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری سەبارەت بەو هێرشانەی لەناو خاکی سوریا دژی چەکدارانی داعش بەڕێوەدەچن.
فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراقراشیگەیاند، سنوری نێوان سوریا و عێراق لەلایەن سوپای عێراق، حەشدی شەعبی و هێزەکانی پاسەوانی سنور پارێزراوە و خەندەق لێدراوە و بەردەوام هێزەکان و فڕۆکەکانی سوپای عێراقیش چاودێری ناوچەکە دەکەن.
لە ئێستادا هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا دوایین هێرشیان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەستی داعش لە سنورى دێرە زوور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستیپێکردووە.