پەکەکە: تورکیا دیموکراسیەتی تێدا نەماوە

پەکەکە لە ٢١ هەمین ساڵی رۆژی دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆچ ئالان رایدەگەیەنێت"  تروکیا دیموکراسیەتی تێدانەماوە".

لە بەیاننامەیەکدا بەبۆنەی ٢١ هەمین ساڵڕۆژی دەستگیرکردنی سەرۆکی پەکەکە، عەبدوڵا ئۆچ ئالانەوە، ئەو حیزبە پێیوایە" ئێمە زۆر باش دەزانین، کە پیلانگێڕیی دڕندانەی ١٥ی شوبات بەو ئەندازەیەی کە هەوڵ دەدات هەبوون و ئازادیی کوردان بسڕێتەوە بەو ئەندازەیەش دیموکراسیی لە تورکیا کردووەتە ئامانج، ئەوەی کە دەبینرێت، ئەوەیە لە تورکیا مسقاڵەزەڕەیەک دیموکراسیش نەماوە، پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات و سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیریی ئیمرالی لە تورکیا بە مانای گوشاری فاشیزم، تیرۆر، داگیرکەری، برسیکردن و هەژارکردنە، لەبەر ئەوەش دەبێت زۆرترین گەنج، گەل و ژنان لە تورکیا لە دژی گۆشەگیری بوەستنەوە".

پارتی کرێکارانی کوردستان" بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان و گەل، ئێمە ٢١-ەمین ساڵی پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات بە هەڵمەتی بەرخۆدانی 'گۆشەگیری تێکدەشکێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین و کوردستان ئازاد دەکەن' پێشواز دەکەین، بە پێشەنگایەتیی لەیلا گوڤەن کە هەڵمەتێکی ئازادیی مێژوویی دەستیپێکردووە و هەڵمەتەکە بە هەموو شوێنکی کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا بڵاوبووەتەوە، فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە لە ئێستاوە تەنگاو بوون، وەک دەبینرێت هەڵمەتی بەرخۆدانەکە بەردەوامیی هەیە و بەردەوامیشی پێدەدرێت، هەڵمەتەکە سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیریی ئیمرالی تێکدەشکێنێت و پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات هەڵدەداتە ناو تەنەکەی خۆڵەوە، لەسەر ئەو بنەمایە سڵاو لە لەیلا گوڤەن و ناسر یاگز و هەموو چالاکوانە مانگرتووەکان دەکەین و بڕوامان بەوە هەیە، کە لە چەند هەفتە و مانگەکانی بەردەمماندا سەرکەوتنی گەورەی ئازادیی مێژوویی بەدەست بهێنین".

لە بەیاننامەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە ئیتر ژیان لەگەڵ ئەو سیستەمەدا ناگوزەرێت و تیایدا هاتووە " گەلەکەمان ٢٠ ساڵە '١٥ی شوبات' بە 'ڕۆژێکی ڕەش' ڕاگەیاندووە و ئەو ڕۆژەش بە ئەنجامدانی چالاکی لە دژی پیلانگێڕی دەوەستنەوە، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانیش ئەو ڕۆژە بە 'ڕۆژی سڕینەوەی کورد' پێناسەکردووە و بانگی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی دەکات، لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە دەبینین، کە ١٥ی شوبات دەکاتە ڕۆژێکی چالاکی و بەرخۆدانی ئازادی و دیموکراسی، دیسانەوە ئێمە بزووتنەوە و گەل لە هەموو شوێنێکدا بە چالاکییەکانی مانگرتن، ڕێپێوانەکان، کۆبوونەوە جەماوەرییەکان، ناڕەزایەتییەکان و چالاکییەکانی گەریلا پێشوازی لەو هەڵمەتی بەرخۆدانە دەکەین، گەلی کورد پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات، سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیریی ئیمرالی قبوڵ ناکات، گەلی کورد دەیەوێت گۆشەگیری تێکبشکێنرێت و فاشیزم هەڵبوەشێنرێت و کوردستان ئازاد ببێت و ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە هەلومەرجی ئازاد دا بژی".

رۆژی ١٥ ی شوبات ٢١ ساڵ بەسەر دەستگیرکردنی سەرکردەی ناسراوی کورد عەبدوڵا ئۆچ ئالاندا تێدەپەڕێت و پەکەکەو رێکخراوە نزیکەکانی سەرقاڵی ئەنجامدانی چالاکی سیاسی و جەماوەی و سەربازی گەورەن دژی تورکیا.



PM:12:52:11/02/2019