پیرە: هەندێک خاڵ پێویستە لەگەڵ پارتی رێککەوتنی لەسەر بکەین



سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند" زۆربەی خاڵەکانی وەرەقەی سیاسیەکەی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەری ڕێککەوتووین و چەند خاڵێکی ماوە".

سەعدی پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وتەبێژی یەکێتی لە لێدوانێکدا بۆ " سپی " میدیا رایگەیاند" وەرەقەی رێككەوتننامەكەی نێوان پارتی و یەكێتی لە 18 ماددە پێكهاتووە، لەسەر زۆرخاڵی تێڕوانینی هاوبەشمان هەیە، تەنها چەند خاڵێکی ماوە کە پێویستە هەردوولا لەسەر رێکبکەوین".

وتەبێژەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاشکرای کرد کە جارێکی تر پێش ١٨ ی شوبات مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە بۆ رێککەوتن لەسەر خاڵە جیاوازەکان و تێكڕای رێککەوتنەکە.

دەربارەی ئەو لێدوانە جیاوازانەی کە لەلایەن هەندێک بەرپرسی هەردوولا لەسەر رێککەوتنی سێ شەممەی رابردوو بڵاودەکرێتەوە،سەعدی پیرە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە مەکتەبی سیاسی لە کۆتایی بڕیار لەسەر هەموو پرسەکە دەدات.

پیرە ئاماژە بۆ وەرەقەی رێککەوتنەکە کردو، وتی " ئەو رێككەوتن و شەراکەتە دەبێت رەنگبداتەوە لە بوارەكانی ئابووری، بازرگانی، سیاسەتی دارایی و شەقافیەت، هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت، هەروەها لە گۆڕینی هێزی پێشمەرگە لە هێزێكی حیزبی بۆ هێزێكی نیشتمانی، بە پڕۆسەیەك كە پێیدەگوترێت ریفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە".

رۆژی ٥ ی شوباتی ٢٠١٩ پارتی و یەکێتی لەسەر چوار خاڵ رێککەوتن و رایانگەیاند کە ١٨ ی شوبات پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوەو سەرۆکایەتی هەڵدەبژێرێت، هەروەها لەهەمان رۆژدا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەهەولێر کۆدەبێتەوە.



PM:02:55:11/02/2019