ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد کە لە کۆتایی ئەمساڵدا یاخود سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠، کۆنگرەی چواردەهەمینی پارتی ئەنجام دەدرێت.
شیرین ئامێدی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاندووە، " کۆنگرەی سێزدەمی پارتی لە ١١ی ١٢ی ٢٠١١ ئەنجام دراوە و هەرچەندە بڕیار بووە کە دوای ٤ ساڵ کۆنگرە ببەستێت، بەڵام بەهۆی شەڕی دژی داعش و ناسەقامگیرییەوە، کۆنگرەکە دواخراوە".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی ئاشکرای کردووە کە "كاتی بەستنی كۆنگرە هاتووە” و دوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێویستە لێژنەی ئامادهكاریی، كار بۆ بەستنی كۆنگرەی ١٤ لە كۆتایی ٢٠١٩، یان سەرەتای ٢٠٢٠ بكات. دەشڵێت: "پێش دوو ساڵ گفتوگۆ لەبارەی دامەزراندنی لیژنەیەك بۆ بەستنی كۆنگرەكە كراوە”.