دوو پێشنیار لەبارەی پاشەکەوتی مووچە دەدرێتە حکومەت

لە کۆبوونەوەی خۆیدا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر لابردنی پاشەکەوتی مووچە دوو پێشنیار گەڵاڵە دەکات و ئاراستەیی حکومەتی هەرێم دەکات.
دوای کۆبوونەوەی بەیانی ئەمڕۆ ١٢ ی شوبات ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دوو پێشنیاری خۆیان بۆ لابردنی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە راگەیاند.

لەو کۆنگرە رۆژنامەگەریەدا، ئازاد محەمەد، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند " بۆ دیاریكردنی بڕی پاشەكەوتی مووچه‌ی فەرمانبەران، داوایان كردووە سیستمی قۆناغی دووەمی بایۆمەتری دەستپێبكاتەوە تا بتوانرێت هەژماری بانكی بۆ مووچەی مووچەخۆران بكرێتەوەو بڕی پاشەكەوتی مووچەش راستەوخۆ بچێتە سەر هەژمارەكە، بۆ ئەوەی مووچەخۆران لەو بڕەیان دڵنیابن و حكومەتیش بزانێت چەند قەرزارە".

ناوبراو راشیگەیاند" قەرزی نیشتەجێی هاوڵاتیانیش كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە كەڵەكە بووە یان كەفیلەكانیان كە مووچەخۆر بوون نەیانتوانیوە قەرزەكە بۆ حكومەت بگێڕنەوە، حكومەت بڕیارێكی دەركردبوو بە گێڕانەوەی هەموو قیستەكان، سەڕەرای ئەوەش قیستەكانیان غەرامەشی چووه‌تەسەر، وەكو ئەنجومەن داوایان كردووە مامەڵەی یاسایی دژی ئەو هاووڵاتییانە رابگیرێت تا حكومەت دەتوانێت كێشەی شایستە داراییەكان چارەسەر دەكات".


ئه‌م بابه‌ته ‌1274 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:03:54:12/02/2019